رووداو دیجیتاڵ
باڵیۆزی ئێران لە عێراق دەڵێ لە کۆبوونەوەی لیژنەی ئەمنیی ئێران و عێراق دا، رێککەوتن لەسەر دەرکردن یان رادەستکردنەوەی ئەندامانی "گرووپە جوداخوازەکان" کراوە، بەڵام گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزەچەکدارەکانی عێراق دەڵێت، کۆبوونەوەکە تایبەت بووە بە هاوئاهەنگی هاوبەش و پاراستنی سنوور.
ئەمڕۆ سێشەممە، 20ی تشرینی یەکەمی 2026، محەممەد کازم ئال سادق، باڵیۆزی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە عێراق، لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) نووسیویەتی: "لە چوارچێوەی هاوکاریی ئەمنیی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و کۆماری عێراق، لە کۆبوونەوەی لیژنەی ئەمنیی هاوبەش دا بە ئامادەبوونی شاندی ئێرانی و راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، هەردوولا لەسەر دەرکردنی ئەندامانی گرووپە جوداخوازە تیرۆریستییە ئێرانییەکان لە هەرێمی کوردستانی عێراق یان رادەستکردنەوەیان بە ئێران رێککەوتن".
بەرپرسانی عێراق: باسی پاراستنی سنوور کراوە
دوێنی دووشەممە 19-10-2026 کۆبوونەوەیەکی ئەمنیی لەنێوان عێراق و ئێران کراوە. ئەمڕۆ سێشەممە سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزەچەکدارەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، کۆبوونەوەکە لە نێوان فەرماندەی هێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراق و فەرماندەی سنووریی ئێران بووە و رایگەیاند: "تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکە بریتی بوو لە پاراستنی ئاسایشی سنوور، هەڵسەنگاندنی دۆخی سنوور، لەگەڵ رێگەکانی هاوئاهەنگی و ئاڵوگۆڕی زانیاری لەنێوان هەردوولادا، بۆ گەرەنتیکردنی ئارامیی سنووری عێراق و ئێران، ئەمەش گرنگترین تەوەری کۆبوونەوەکە بوو".
سەبارەت بە باسکردنی بابەتی دەرکردن یان رادەستکردنەوەی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، سەرچاوەیەکی بەشدار لەو کۆبوونەوەیەی لیژنەی ئەمنی بە رووداوی راگەیاند کە پرسی دەرکردن یان رادەستکردنەوەی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کە لە هەرێمی کوردستانن لە کۆبوونەوەکەدا باس نەکراوە و هیچ رێککەوتنێکی تازەش لەوبارەوە نەکراوە .
بەگوتەی ئەو سەرچاوەیە جگە لە کۆبوونەوەی فەرماندەیی پاسەوانیی سنووری هەردوولا، لەم هەفتەیەدا هیچ کۆبوونەوەیەکی دیکە لە نێوان هەردوو وڵات دا نەکراوە.
حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان : رێز لە سەرەوەری هەرێمی کوردستان دەگرین
هەر لەوبارەوە حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێن، ئەوانیش لە دەزگاکانی راگەیاندنەوە ئەوەیان بینیوە، کە گوایە لە بەغدا رێککەوتن لەدژی ئەوان کراوە، بەڵام بە فەرمی هیچ پەیامێکیان پێنەگەیشتووە.
حەمە نەزیف قادری، بەرپرسی پەیوەندییەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئێمە خاوەنی ئامانجێکی رەواین و خەباتی بۆ دەکەین و هیچ کاتێکیش کارێکمان نەکردووە ببێتە مایەی گوشار بۆ حکومەتی عێراق".
حەمە نەزیف قادری هەروەها گوتی : "هیچ لایەنێک لە عێراق و هەرێمی کوردستان لەبارەی کۆبوونەوەیەک کە دەگوترێت 19ـی ئەم مانگە لە بەغدا کراوە لەگەڵ ئێمە گفتوگۆی نەکردووە، ئێمەش هەموو کاتێک رێزمان لە سەروەریی خاکی هەرێمی کوردستان و عێراق گرتووە، هەرکاتێکیش داوای گفتوگۆمان لێبکەن ئێمە ئامادەین بۆ گفتوگۆ، بەڵام دەبێ لەسەر ئەو پرەنسیپانە بن کە هەمانن".
ئەو بەرپرسەی حدکا گوتی: "ئێمە چەقی خەباتمان ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانە، ئەو گوشار و لێدوانانەی بەرپرسانی ئێران هیچ کاریگەریی لەسەر خەباتی ئێمە نابێت و ئیرادەمان لاواز ناکات، خەباتی ئێمە پەیوەندی بەو سیاسەتی سەرکوتەوە هەیە کە لە ئێران هەیە، ئێمە بەردەوامین لە خەباتی خۆمان و بەردەوامیش دەبین".
هەروەها ئەمجەد حوسێن پەناهی، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تاوەکو ئێستا هیچ لایەنێکی هەرێمی کوردستان یان عێراق کۆبوونەوەی لەگەڵ ئێمە نەبووە، کە بڵێن دەبێ هەرێمی کوردستان جێبهێڵین".
ئەو ئەندامەی دەستەی کارگێڕیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد: "ئەوەی باڵیۆزی ئێران لە عێراق باسی کردووە پێشهاتێکی نوێ نییە . ئێمە لە چوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتییەکان تاوەکو ئێستا پابەند بووین، هەرێمی کوردستانیش بەشێکە لە خاکی کوردستان و لە خاکی خۆمانداین".
ئەدیب خالیدیان، ئەندامی سەرکردایەتی و بەرپرسی پەیوەندییەکانی پارتی ئازادیی کوردستان (پاک)، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هیچ لایەنێکی عێراقی و کوردستانی لەگەڵ ئێمە کۆنەبووەتەوە، یان پەیامیان بۆ نەناردووین".

