رووداو دیجیتاڵ
رووداوێکی هاتووچۆ لە رێگەی نێوان شێخان و دهۆک روویدا و لە ئەنجامدا دوو هاونیشتمانی گیانیان لەدەستدا و هاونیشتمانییەکی دیکەش بریندار بوو.
رۆژی سێشەممە، 20ـی تشرینی یەکەمی 2026، مەتین جەمیل، گوتەبێژی راگەیاندنی تەندروستیی پارێزگای دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "رووداوێکی هاتووچۆ لە جۆری وەرگەڕان لە رێگەی شێخان - دهۆک روویدا و لە ئەنجامدا دوو کەس گیانیان لەدەستدا و کەسێکی دیکەش بریندار بوو."
سەبارەت بە ناسنامەی ئەو دوو کەسەی گیانیان لەدەستداوە، گوتەبێژی تەندروستیی دهۆک ئاماژەی بەوە کرد: "ئەو دوو هاونیشتمانییە هاوژینی یەکدی و خەڵکی رۆژئاوای کوردستان بوون".
وەک مەتین جەمیل باسی کرد: "پیاوەکە تەمەنی 72 ساڵ و ژنەکەش 68 ساڵ بوو. تەرمەکانیشیان بۆ دادپزیشکی گوێزراوەتەوە."
لەبارەی رەوشی تەندروستیی بریندارەکەیشەوە، گوتەبێژی تەندروستیی دهۆک دەڵێ، باش و جێگیرە و لەژێر چاودێریی پزیشکیدایە.


