رووداو دیجیتاڵ
لە ئەنجامی تەقینەوەی مین لە سنووری زەهاو لە پارێزگای کرماشان، سێ هاونیشتمانی بریندار بوون.
ئەمڕۆ سێشەممە، 20ی تشرینی یەکەمی 2026، میرحوسێن رەحیمی، قایمقامی شاری سەرپێڵ زەهاو لە پارێزگای کرماشانی رۆژهەلاتی کوردستان رایگەیاند:" کاژێر 12ی نیوەڕۆ لە ناوچەی دەشت زەهاو مین بە ئامێری ستافی رێگەوبانی سەرپێڵ زەهاودا تەقیوەتەوە و لە ئەنجامدا سێ کەس برینداربوون."
هەر سێ بریندارەکە بۆ نەخۆشخانە گوێزراونەتەوە و لە ژێر چاودیریدان.
هەزاران مین لە ناوچە سنوورییەکانی پارێزگای کرماشاندا چێنراون کە بۆ سەردەمی جەنگی نێوان عێراق و ئێران دەگەڕێنەوە.
دوای کۆتاییهاتنی شەڕ، حکومەتی ئێران هەوڵی دا مینە چێنراوەکان هەڵبگرێتەوە. زستانی ساڵی 2012 راگەیێندرا کە مین و تەقەمەنییەکانی پارێزگای کرماشان کۆکراونەتەوە و رێوڕەسمێکیشی بۆ بەڕێوەچوو. بەڵام دوای ئەوەش، زۆر جار مین و تەقەمەنی سەردەمی شەڕ بە خەڵکدا تەقیوەتەوە و خەڵک بەو هۆیەوە بریندار بوون و گیانیان لەدەستداوە.




