رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێ، بە پارتی و یەکێتییان راگەیاندووە، ئامادەنین لەگەڵ یەک لایەندا پەرلەمانی کوردستان کارا بکەنەوە، چونکە ئەوە کێشەکانی هەرێمی کوردستان قووڵتر دەکاتەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 20ـی ئۆکتۆبەری 2026، لەکاتی بەشداریکردنی لە هەواڵەکانی کاژێر 10:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە ئارێز خالید لە ستۆدیۆکانی رووداو لە سلێمانی پێشکێشی دەکات، مستەفا عەبدوڵڵا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی کوردستان، لەبارەی وەستانی کارەکانی پەرلەمان لە دوو ساڵی رابردوودا قسەی کرد.
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو گوتی، "ئەوەی لە هەرێمی کوردستان روویداوە، نەخوازراوە و مایەی شەرمە بۆ سیستمی بەڕێوەبردن لە هەرێمی کوردستان، چونکە دەنگدەران چوونە سەر سندووقەکانی دەنگدان و دەنگیان بە لایەنە سیاسییەکان دا، بە ئومێدی گۆڕینی ئاییندەی هەرێمی کوردستان، بەڵام لە دوو ساڵدا پەرلەمانی کوردستان جگە لە سوێندخواردنی ئەندامەکانی نەیتوانیوە، هیچ کارێکی دیکە بکات، وەک هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی، دیاریکردنی ئەندامانی لیژنەکان، متمانەدان بە کابینەی حکومەت، یاسادانان و چاودێریکردنی دەسەڵاتی جێبەجێکردن."
مستەفا عەبدوڵڵا دەڵێ، "لەدوای سوێندخواردنی پەرلەمانتاران، سەرۆکی تەمەنی پەرلەمان دووجار داوای دانیشتنی پەرلەمانی کوردستانی کردووە. ئێمە وەک فراکسیۆنی یەکگرتوو ئامادەبووین بەشداری دانیشتنەکە بکەین بۆئەوەی هەرێمی کوردستان لەم دۆخە چەقبەستووە رزگاری بێت، چونکە پێش ئەم خولەی پەرلەمانیش دوو ساڵی پێشووتر پەرلەمان هەڵوەشێنرایەوە، بەم دوو ساڵەی ئەم خولەی پەرلەمانەوە بووەتە چوار ساڵ."
لەبارەی کاریگەری دواکەوتنی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان، مستەفا عەبدوڵڵا دەڵێت، "پێشتر هەستمان بەو مەترسییە دەکرد کە حکومەت و پەرلەمان بکرێنە یەک پاکێج. پارتی و یەکێتی بەهۆی وردەکارییەکانەوە رێکناکەون. من سەرەتای ئەم خولەی پەرلەمان لە کۆبوونەوەی سەرۆکی فراکسیۆنەکان پێم گوتن، دەبێت پرسی پێکهێنانی حکومەت و پەرلەمان جیا بکرێنەوە، بەڵام پارتی و یەکێتی گوتیان پرسی پەرلەمان و حکومەت پێکەوە بڕیاریان لەبارەوە دەدرێ."
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بە پێویستی دەزانێت دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان پێکبهێندرێ و دەڵێت، "لەگەڵ ئەوەی ئێمە لە کابینەی نوێی حکومەت ئۆپۆزیسیۆن دەبین، بەڵام دەستپێشخەریمان کردووە بۆئەوەی لایەنەکان بگەنە رێککەوتن، چونکە نابێت لەم دۆخە ئاڵۆزەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا پەرلەمانی کوردستان کارا نەبێت و کارەکانی رابگیرێن. پەرلەمانی کوردستان مەرجەعی یاسادانی هەرێمی کوردستانە. لایەنەکان چەند جارێک لێک نزیکبوونەوە، بەڵام بەهۆی لاوازی پەیوەندییەکانییانەوە، لەگەڵ بوونی هەر رووداوێکدا پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتی تێکدەچن."
سەبارەت بە ئەگەری هەڵبژاردنی پێشوەختە، مستەفا عەبدوڵڵا دەڵێت، "ئەگەر هەڵبژاردنی پێشوەختە بکرێت ئێمە ئامادەین، بەڵام ئەگەر لایەنەکان لەسەر کاراکردنەوەی پەرلەمان رێکنەکەون چۆن لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی بێگەردی سەرتاسەری رێکدەکەون."
لەبارەی بانگەوازی لایەنەکان بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان، مستەفا عەبدوڵڵا دەڵێت، "ئەگەر پارتی و یەکێتی نەگەنە رێککەوتن، بانگهێشتی نوێ بۆ دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامێکی ئەوتۆی نابێت. دەبێت دوای رێککەوتنەکە بە رێکارێکی یاسایی دانیشتنی پەرلەمان رێکبخرێ. ئێمە بە روونی پەیاممان داوەتە یەکێتی و پارتی، ئەگەر لایەنێک بیەوێ، بە زۆرینە دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان رێکبخات، ئەوا پەرلەمانێکی سەرتاسەریمان نابێت، ئەوە تێپەڕاندنی قۆناخێکە تەنیا بۆ بەرژەوەندی حیزبی. پەرلەمان کاتێک پەرلەمانە کە سەرجەم هێزەکان تێیدا بەشداربن و کاریگەری دابەشبوونی هێز و ئابووری و دەسەڵاتی حیزبی کۆتایی بێت، بۆیە ئەگەر لایەنێک بە تەنیا بیەوێ پەرلەمان کارا بکاتەوە، کێشەکان قووڵتر دەکاتەوە و هیچ گرفتێک چارەسەر نابێت. ئێمە ئامادەنین پشتی هیچ لایەنێک بگرین بۆ ئەوەی بەبێ لایەنێکی دیکە پەرلەمانی کوردستان کارا بکەینەوە، چونکە دۆخی نیشتمانی ئەوەی دەوێ کە هەمووان پێکەوە پەرلەمان کارا بکەنەوە و نابینە بەشێک کە قووڵکردنەوەی کێشەکانی نێوان لایەنە سیاسییەکان."



