پایتەختی هەنارە، بەڵام هەڵەبجە نییە
لە رۆژهەڵاتی کوردستان سەردانی ناوچەی هەورامانی تەختم کرد. کاتێک بە لۆفەکاندا بەرەو خوار شۆڕدەبوومەوە، لە دوورەوە پەیکەری هەنارێکی گەورە سەرنجی راکێشام؛ وەک هێمایەک پێی دەگوتم کە گەیشتوومەتە "پایتەختی هەنار".
گوندی بڵبەر (یان بۆڵبار)، یەکێکە لە گوندە دێرین و جوانەکانی ناوچەی هەورامان لە قەزای سەوڵاوای سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان کە رێک وەک هەڵەبجەی باشووری کوردستان، لە سەرانسەری ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستاندا بە هەنارەکانی بەنێوبانگە.
هەر کە گەیشتمە نێو گوندەکە، بینیم لە هەر کوچە و کۆڵانێک و لەسەر هەر شەقامێک، خەڵکی بە گوڕوتینەوە خەریکی ئامادەکردنی رووبەهەنارن. ئەسپ و ماینەکان بەردەوام بارە هەناریان لە رەز و باخەکانەوە دەگواستەوە بۆ نێو گوند.
بڵبەر لە باوەشی چیا سەختەکانی شاهۆدایە و رووباری سیروان بە دۆڵەکانیدا تێدەپەڕێت. خانووەکانی، وەک زۆربەی گوندەکانی دیکەی هەورامان، بە شێوازی پلیکانەیی و بە بەرد دروست کراون، بە جۆرێک سەربانی ماڵێک دەبێتە حەوشەی ماڵی سەرووتری. کەشوهەوای بەیانیانی ئەم ناوچەیە فێنک و دڵگیر بوو و ئەو بۆنە خۆشەی بە ئاسماندا بڵاوببووەوە، هێندە جیاواز بوو کە مرۆڤ هەرگیز حەزی نەدەکرد ئەو شوێنە جێبهێڵێت.
لە کاتی پیاسەکردنمدا، چاوم بە ژنێکی گوندەکە کەوت بە ناوی سەڵتەنەت حەمە حاجی. دڵێکی یەکجار میهرەبانی هەبوو، دارێکی بەدەستەوە بوو و بە لێهاتوویی لە قەپاخی هەنارەکانی دەدا بۆ ئەوەی دەنکەکانیان بۆ رووبەهەنارەکە بتەکێنێت. هەنارێکی پێشکێش کردم، بەڵام من سوپاسیم کرد و گوتم نایخۆم. ئەویش بە زەردەخەنەیەکەوە سوێندی خوارد و گوتی: "بەخوا نەیخۆیت یەک قسەت بۆ ناکەم!" بۆیە بۆ ئەوەی دڵی نەشکێنم، هەنارەکەم لێ وەرگرت.
لێم پرسی: "چەند ساڵە خەریکی دروستکردنی رووبەهەناریت؟"
گوتی: "51 ساڵە... لەوەتەی فامم کردووەتەوە و خۆم ناسیوە، من هەنار دادەکوتێم."
گوتم: "ناخۆش و ماندووکەر نییە بۆت؟"
گوتی: "نەخێر، هەر کاتێک ئەم وەرزە دێت، هێندە دڵخۆش دەبم، بە سەلیقەیەکی باشەوە هەنارەکان دەتەکێنم. ئەم کارە منداڵیم بیردەخاتەوە و بووەتە بەشێک لە کولتوور و ژیانم."
کاتێک پرسیارم لەبارەی ساخکردنەوەی بەرهەمەکانیانەوە کرد، پێی گوتم کە هەموو بەرهەمەکان دەبەنە شاری مەریوان و لەوێوە بەسەر شارە گەورەکانی وەک تاراندا دابەشی دەکەن. لەم گوندەدا کە خەڵکەکەی بە شێوەزاری هەورامی (ماچۆ) دەدوێن و هێشتا بە شانازییەوە جلوبەرگە رەسەنەکانیان (کڵاش، چۆخە و رانک بۆ پیاوان و کراسی ملوانکەدار بۆ ژنان) دەپۆشن، ژیان بە سادەیی و جوانییەکی قووڵەوە دەگوزەرێت.
پێش جێهێشتنی شوێنەکە، پرسیاری نرخی رووبەهەناری خۆماڵیم کرد؛ کیلۆی نزیکەی 1,000,000 تمەن (نزیکەی 25 هەزار دینار) بوو، لە چاو ئەو ماندووبوونە و تامە رەسەنەیدا نرخێکی گونجاو بوو.
