رووداو دیجیتاڵ
دابەشکردنی یەکەم گوژمەی شایستە داراییەکانی ساڵی 2026ـی جووتیاران لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکردووە. بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی دەڵێ، ئەم هەفتەیە هەموو ئەو پارەیەی گەیشتووە، دابەش دەکەن.
رۆژی سێشەممە، 20ـی تشرینی یەکەمی 2026، نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دەست بە دابەشکردنی یەکەم گوژمەی ساڵی 2026 کراوە. دابەشکردنەکە چەند رۆژێکە لە هەولێر و دهۆک دەستیپێکردووە، بەڵام ئەمڕۆ رێکارەکان لە سلێمانیش تەواو بوون و لەوێش دەست بە پێدانی شایستەی دارایی جووتیاران کرا."
لەبارەی بڕی پارەی تەرخانکراو و دابەشبوونی، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی دەڵێ: "بڕی 15 ملیار و 245 ملیۆن دینار بۆ هەرێمی کوردستان تەرخانکرا. نزیکەی حەوت ملیار دیناری شایستەی دارایی ساڵی 2025ـی جووتیارانی پارێزگاکانی دهۆک، سلێمانی و هەڵەبجە بوو، بەشەکەی دیکەشی وەک یەکەم گوژمەی پارەی گەنمی 2026 دەست بە دابەشکردنی کرا."
نەوزاد شێخ کامیل ئاماژەی بەوەش کرد، شایستە داراییەکانی گەنمی ساڵی 2025 بە تەواوی کۆتایی هاتووە، بۆیە لەمەودوا دابەشکردنەکە تایبەت دەبێ بۆ ساڵی 2026.
رۆژی 4ـی تشرینی یەکەمی 2026، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە بووژاندنەوەی ئابووریی وڵاتەکەی کرد و چەند بڕیارێکی نوێی دەرکرد، لەوانەش خەرجکردنی 500 ملیار دینار بۆ شایستە داراییەکانی جووتیاران وەک پاڵپشتییەک بۆ کەرتی کشتوکاڵ و بەهێزکردنی چالاکیی ئابووری لەو کەرتەدا کە پشکی کوردستانیشی تێدا بوو.
بەگوێرەی رێنماییەکانی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بۆ وەرگرتنی گەنمی ساڵی 2025، هەر تۆنێک گەنم کە بە شێوازی نوێی ئاودێری بەرهەمهاتبوو بە 700 هەزار دینار وەرگیرا، هاوکات ئەو گەنمەی بە شێوازی کۆن بەرهەم دەهات بە 500 هەزار دینار لە جووتیاران وەرگیرا.
حکومەتی عێراق پار 400 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی وەرگرت کە نرخی تۆنێکی بە 800 هەزار دینار هەژمارکرا، بەوەش کۆی گشتیی شایستەی دارایی جووتیارانی هەرێمی کوردستان گەیشتە نزیکەی 320 ملیار دینار.



