رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی فەرماندەیی ناوەندیی پاراستنی گەل (باڵی سەربازیی پەکەکەی هەڵوەشاوە) ئاماری ئەو ئەندامانەی پارتەکەی بڵاوکردەوە کە تاوەکو ئێستا گیانیان لەدەستداوە.
موراد قەرەیلان بۆ ئاژانسی فورات نیوزی سەر بە پەکەکە قسەی کردووە و رایگەیاندووە، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 40 هەزار گەریلا و ئەندامیان لە شەڕەکان و لەئەنجامی بۆردوومان و تۆپباران گیانیان لەدەستداوە.
قەرەیلان باسی لەوە کردووە کە لە 10 ساڵی رابردوودا رووبەڕووی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی چڕی سوپای تورکیا بوونەتەوە، لەوانەش لە ناوچەکانی مەتین و زاب لە سنووری پارێزگای دهۆک و گوتی، بۆ ماوەیەکی درێژ لە ناوچەکانی مەتین و زاب لە هەرێمی کوردستان پێگەکانیان پاراست، بەڵام ماوەیەکی کەم لەمەوبەر لەسەر بنچینەی دیالۆگ لە مەتین کشانەوە.
قەرەیلان ئاماژەی بەوەشکرد: "تورکیا لە مەتین، زاب و چەندین شوێنی دیکە گیری خواردبوو. ئەو دۆخەی ئێستاش هەیە هەر لەبەر ئەم هۆکارە دەستیپێکرد. ئەگەرنا، بۆچی پێویستیان بەوە بوو بانگەواز ئاراستەی رێبەر ئاپۆ (عەبدوڵڵا ئۆجەلان) بکەن و لەگەڵ کورد دیالۆگ بکەن؟ ئەوان دەیانویست لەنێومان ببەن، بەڵام ئەو قارەمانانە (گەریلاکان) رێگەیان نەدا."
قەرەیلان گوتی، ژمارەی ئەو گەریلایانەی لە رۆژی دامەزراندنی پەکەکەوە لە باکووری کوردستان و تورکیا لە ئەنجامی شەڕ و پێکدادان گیانیان لەدەستداوە، 27 هەزار کەسە.
ئەو ئەندامەی فەرماندەیی ناوەندیی پاراستنی گەل ئاماژەی بەوەشکرد، هەزاران گەریلایش لە باشووری کوردستان، رۆژهەڵاتی کوردستان و رۆژئاوای کوردستان گیانیان لەدەستداوە و هەربۆیە دەتوانرێ بگوترێ کە 40 هەزار ئەندامیان لە شەڕ و لە ئەنجامی بۆردوومان و تۆپبارانەکاندا بەگشتی گیانیان لەدەستداوە.
قەرەیلان گوتی، بەدواداچوون بەردەوامە و دەکرێ ژمارەی ئەو کەسانەی خۆبەخش بوون و ئەوانەش سڤیل بوون و لە ئەنجامی شەڕ و پێکدادانەکان لە ناوچەکاندا گیانیان لەدەستدابێ 45 هەزار کەسی تێپەڕاندبێت و لە 50 هەزار کەس نزیک بێتەوە.
بەپێی ئامارە فەرمییەکانی نێو راپۆرتی (کۆمیسیۆنی یەکڕیزی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی) کە رۆژی 5ـی ئابی 2025 لە پەرلەمانی تورکیا بۆ پرۆسەی چارەسەری دامەزرا، لە شەڕی 41 ساڵەی تورکیا و پەکەکەدا 94 هەزار و 877 گەریلا گیانیان لەدەستداوە؛ 20 هەزار و 581 کەسیان لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا، 74 هەزار و 296 کەسیان لە باکووری کوردستان و تورکیا، باشووری کوردستان بوون. هاوکات 8436 سەرباز، پۆلیس، جەندرمە و گوندپارێز لە باکووری کوردستان و تورکیا و 6584 کەسی دیکەی سڤیل هەر لە باکووری کوردستان و تورکیا گیانیان لەدەستداوە. زیاتر لە 30 هەزار کەس لە هێزە ئەمنییەکان و خەڵک بریندار بوون.
پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە 27ـی تشرینی دووەمی 1978 لە گوندی فیس سەر بە شارۆچکەی لجێ لە ئامەدی باکووری کوردستان دامەزرا و رۆژی 15ـی ئابی 1984 یەکەم خەباتی چەکداری دژی سوپای تورکیا ئەنجام دا.


