رووداو دیجیتاڵ 18ـەمین پێشانگای نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ کتێب، چوارشەممە، 21ی تشرینی یەکەم، بە دروشمی "من کوردستانیم" و بە چاودێریی سەرۆک مەسعوود بارزانی کرایەوە. لە پێشانگاکەدا زیاتر لە 400 دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوە لە 18 وڵاتەوە بەشدارن و نزیکەی یەک ملیۆن ناونیشانی کتێبیان خستووەتە بەردەستی خوێنەران. سەرۆک بارزانی، لە دەستپێکی سەردانەکەیدا، سەردانی بەشی ئینسکلۆپیدیای کوردستانی کرد و لەوێ 5 کتێبی نوێی پێشکەش کرا کە تایبەت بوون بە مێژووی کورد و کوردستان. دکتۆر سیروان زەند، ئەندامی دەستەی ئینسکلۆپیدیا، بە رووداوی رایگەیاند، "یەکێک لەو کتێبانە هی پرۆفیسۆر ژان پڕادیێر بوو کە لەبارەی مێژووی کورد و کوردستان نووسیویەتی و لە شەستەکانەوە بەدواداچوونی بۆ دۆخی کورد کردووە و لە نزیکەوە پەیوەندیی لەگەڵ جەنابی سەرۆک هەبووە." سەرەڕای شەڕ و قەیرانی ئابووری کە نرخی کتێبیان بەرزکردووەتەوە، بەڵام بڵاوکاران بە دەیان ناونیشانی نوێ و وەرگێڕدراوەوە بەشدارییان کردووە. میرکۆ ئەبووبەکر، فرۆشیار لە ناوەندی رۆمان، بە رووداوی گوت، "زیاتر لە 100 ناونیشانمان هێناوە کە 32یان نوێن و بەشێکیان بۆ یەکەمجارە وەرگێڕدراونەتە سەر زمانی کوردی." حەسەن عەلی، بەڕێوەبەری ناوەندی ئاوێر، بۆ رووداو ئاماژەی بەوە کرد نرخی چاپ بەهۆی شەڕی ئێران و گیرانی گەرووی هورمز بەرزبووەتەوە، بەڵام گوتی، "ئێمە نرخمان گران نەکردووە، چونکە ئامانجی کتێب سوودی ماددی نییە و زیاتر عەشقە." لە پێشانگاکەدا کتێب بە زمانەکانی کوردی، عەرەبی، ئینگلیزی، فارسی، تورکی، فەڕەنسی و ئەڵمانی بۆ هەموو چین و توێژێک بەردەستە. پێشانگاکە تاوەکو 31ی مانگ بەردەوام دەبێت و رۆژانە لە کاژێر 10ی بەیانی تاوەکو 8ی ئێوارە کراوە دەبێت.
کوردستان21-10-2026دادگە بڕیارێکی هەڵوەشاندەوە رێگەی دەدا لە سلێمانی شوقە و خانوو بەناوی عەرەبەوە تۆمار بکرێ
کوردستان21-10-2026وەزارەتی دارایی و ئابووری: لیستی مووچەی مانگی 10 بە واژۆی ئاوات شێخ جەناب رەوانەی بەغدا کرا