رووداو دیجیتاڵ
دادگەی کارگێڕیی سلێمانی بڕیارێکی ساڵی 2016ـی پارێزگاری ئەوکاتەی سلێمانی هەڵوەشاندەوە، کە بڕیاری دابوو رێگە بدرێت بە تۆمارکردنی خانوو بە ناوی هاووڵاتییانی عەرەب و بیانییەوە. دادگەی تێهەڵچوونەوەی سلێمانی دەڵێت، "هیچ رێگرییەک" نییە خانوو بەناوی عەرەبەوە بکرێت.
دادگەی تێهەڵچوونەوەی سلێمانی، رۆژی چوارشەممە، 21-10-2026 راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەی بە بڕیاری هەمان رۆژی دادگەی کارگێڕیی سلێمانی کردووە سەبارەت بە تۆمارکردنی شوقە و خانوو لە سلێمانی بەناوی هاووڵاتییانی عێراق و بیانییەوە و رایگەیاند، ئەو بڕیارە بە یەکلاکەرەوە دانانرێت تاوەکو پلەی کۆتایی وەرنەگرێت.
دادگەی تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی دەڵێت: "بابەتی خاوەندارێتیی خانووبەرە لە شاری سلێمانی هاوشێوەی شارەکانی دیکەی عێراق، دەستوور پاشان یاسا تایبەتەکان و لە پێشیانەوە یاسای تۆمارکردنی خانووبەرە رێکیخستووە، هیچ بەربەستێکی یاساییان تێدا نییە رێگر بێت لەبەردەم هاووڵاتیانی ناوچەکانی دیکەی عێراق کە خاوەندارێتیی یاساییان هەبێت بۆ شوقە و خانووبەرە".
دەقی روونکردنەوەکە:
روونکردنەوەیەک بۆ رای گشتی لە سەرۆکایەتیی دادگەی تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانییەوە:
رێککەوتی ئەمڕۆ 21-10-2026 دادگەی کارگێڕیی سلێمانی بڕیاری ژمارە 57/ک/2026 لە 21-10-2026 دەرکردووە، کە بووەتە باس و خواسی راگەیاندنەکان و لێکدانەوەی جیاوازی جۆراوجۆری بۆ کراوە، بەجۆرێک پێچەوانەی یاسا و هەتا مەنتووقی بڕیاری ئاماژەبۆکراویشە. سەرەتا ئەو بڕیارە تەنیا لە مەنتووقەکەیدا هەڵوەشاندنەوەی فەرمانێکی کارگێڕی لەخۆ دەگرێت و ئەو بڕیارەش پلەی بنەبڕیی وەرنەگرتووە و هیچ بەڵگەیەک (حوجییەتێک) پێک ناهێنێت، واتە ئەو بڕیارە تەنیا تاوتوێی حاڵەتێکی تایبەتی لەخۆ گرتووە کە بە یەکلاکەرەوە دانانرێت هەتاوەکو بڕیارەکە پلەی کۆتایی وەرنەگرێت، لەکاتێکدا بڕیارەکە تەنیا بڕیارێکی کارگێڕی هەڵوەشاندووەتەوە لە رووی تایبەتمەندێتیی (اختصاص)ەوە.
بابەتی خاوەندارێتیی خانووبەرە لە شاری سلێمانی هاوشێوەی شارەکانی دیکەی عێراق، دەستوور پاشان یاسا تایبەتەکان و لە پێشیانەوە یاسای تۆمارکردنی خانووبەرە رێکیخستووە، هیچ بەربەستێکی یاساییان تێدا نییە رێگر بێت لەبەردەم هاووڵاتیانی ناوچەکانی دیکەی عێراق کە خاوەندارێتیی یاساییان هەبێت بۆ شوقە و خانووبەرە، چونکە بەپێی دەستووری عێراقی بەرکار هاووڵاتیان یەکسانن لە ماف و ئەرکدا بەبێ جیاکاریی رەگەزی و تائیفی و ناوچەگەرێتی. بەوەش ناکرێت هەر کەسە و لای خۆیەوە راڤە و لێکدانەوە بۆ بڕیارێکی دادوەری بکات کە پلەی بنەبڕیی وەرنەگرتووە و گشتاندن بۆ ئەو حاڵەتە تایبەتە بکات کە ئەو بڕیارە تاوتوێی کردووە.
لەگەڵ رێزدا.


