رووداو دیجیتاڵ
هاونیشتمانییەکی خەڵکی شارۆچکەی کانی دیناری مەریوان نزیکەی 72 رۆژە بێسەروشوێنە؛ خوشکەکەی دەڵێت: ''بۆ کار چووەتە بانە، دوای 24 کاژێر مۆبایلەکەی داخراوە و تاوەکو ئێستا نەگەڕاوەتەوە''.
رۆژی پێنجشەممە 22-10-2026، شەهلا مەحموودی، هاونیشتمانییەکی خەڵکی مەریوانی پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: نزیکەی 72 رۆژە براکەی بە ناوی (بەهزاد) بێسەروشوێن بووە و هیچ سۆراخێکیان لێی نییە.
بەهزاد مەحموودیی تەمەن 28 ساڵان بۆ ماوەی پێنج ساڵ گوتارخوێنی گوندەکانی مەریوان بووە. شەهلا مەحموودی گوتی: ''دوایین جار گوتارخوێنی گوندی بەرقروو بوو، بەڵام چەند مانگێک بوو وازی هێنابوو و رۆژی 12-08-2026، بۆ دۆزینەوەی کار چووە بانە''.
بەگوتەی خوشکەکەی، دوای ئەوەی دەگاتە بانە، تەلەفۆنی بۆ ماڵەوە کردووە و پێی راگەیاندوون کە کارەکە گونجاو نییە، بۆیە دەیەوێت بگەڕێتەوە کانی دیناری مەریوان، ''بەڵام دوای 24 کاژێر مۆبایلەکەی داخرا و تاوەکو ئێستا نەگەڕاوەتەوە''.
کەسوکاری بەهزاد، سەردانی دادگە، پۆلیس، زیندان و نەخۆشخانەکانەوە کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ ئەنجامێکی نەبووە و نەدۆزراوەتەوە''.
شەهلا مەحموودی سەبارەت بە ئەگەری هەبوونی کێشەی دووژمنداری دەڵێت: ''براکەم کێشەی لەگەڵ هیچ کەسێک نەبووە و دڵنیاین کە نەڕۆیشتووەتە دەرەوەش، بۆیە داوا دەکەین هەر کەسێک زانیارییەکی لەسەر هەیە، ئاگادارمان بکاتەوە''.
بەهزاد مەحموودی خێزاندار و باوکی منداڵێکی تەمەن چوار ساڵان و دانیشتووی شارۆچکەی کانی دیناری مەریوانە.

.webp&w=3840&q=75)

