رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی سەرچاوە سرووشتییەکانی سەردەشت رایگەیاند، دوێنێ ئاگر لە دارستانەکانی گوندی شینوێ لە سنووری سەردەشت کەوتەوە و بەهۆیەوە نیو هێکتار لە دارستانەکانی ناوچەکە زیانی بەرکەوتووە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، بەختیار خزریان، بەڕێوەبەری سەرچاوە سرووشتییەکانی سەردەشت لە پارێزگای ورمێی رایگەیاند، لە ئەنجامی ئاگرەکەدا نزیکەی نیو هێکتار لە دارستانی چڕی بەڕووی دەوروبەری گوندی شینوێ سووتاوە، بەڵام تاوەکو ئێستا هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە نەزانراوە.
سەبارەت بە زیانەکانی ئاگرکەوتنەوەکە، بەختیار خزریان روونیکردەوە، کە لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا 12 رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە لەوەڕگە و ناوچە دارستانییەکانی سەردەشت تۆمارکراون و بەو هۆیەوە زیاتر لە 75 هێکتار لەو رووبەرانە زیانیان بەرکەوتووە.
پاریش 47 رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە لەوەڕگە و دارستانەکانی هەردوو شارەکانی سەردەشت و میرئاوا تۆمارکرابوون، کە لە ئەنجامدا زیاتر لە 450 هێکتار دارستان و لەوەڕگە سووتابوون.
شاری سەردەشت دەکەوێتە باشووری پارێزگای ورمێ، 90 هەزار هێکتار دارستان و 30 هەزار هێکتار لەوەڕگەی هەیە، بەوەش بە گەورەترین سامانی دارستانی و ژینگەیی لەسەر ئاستی پارێزگای ورمێ دادەنرێت.



