رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری ورمێ دەڵێت، بە کۆتاییهاتنی وەرزی گەرما، پاشەکشەی ئاوی دەریاچەی ورمێ وەستاوە و تەنیا لە هەفتەیەکدا رووبەری دەریاچەکە 25 کیلۆمەتر زیادیکردووە.
رەزا رەحمانی، پارێزگاری ورمێ، ئێوارەی یەکشەممە بۆ میدیای فەرمیی ئێران باسی دوایین دۆخی دەریاچەی ورمێی کرد و رایگەیاند: "لەگەڵ کۆتاییهاتنی وەرزی گەرما و دوای چەندین مانگ لە پاشەکشەکردنی ئاوی دەریاچەکە، رووبەری دەریاچەی ورمێ بەراورد بە هەفتەی رابردوو 25 کیلۆمەتر زیادی کردووە."
رەزا رەحمانی گوتی: "ئێستا رووبەری دەریاچەکە یەک هەزار و 971 کیلۆمەتر چوارگۆشەیە، کە بەراورد بە هەمان ماوەی پار کە رووبەرەکەی 460 کیلۆمەتری چوارگۆشە بوو، یەک هەزار و 511 کیلۆمەتر زیاترە."
بە گوتەی پارێزگاری ورمێ، ئاستی ئاوی دەریاچەکەش هەزار و 270 مەتر و 58 سانتیمەترە، کە بە بەراورد بە پار زیاتر لە یەک مەتر و 11 سانتیمەتر بەرزترە.
رەزا رەحمانی ئاماژەی بەوەش کرد، پرۆسەی بووژانەوەی دەریاچەی ورمێ بە چاکسازیکردن لە شێوازی چاندن، تەیارکردنی زەوییە کشتوکاڵییەکان بە سیستمی ئاودێریی نوێ، بەهێزکردنی بەشداریی گشتی لە پرۆسەکە، بەردانەوەی ئاوی بەنداوەکان و پاککردنەوەی ئەو رووبارانەی دەڕژێنە ناو دەریاچەکەوە بەردەوام دەبێت.
دەریاچەی ورمێ گەورەترین دەریاچەی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانە کە لە کاتی پڕئاویدا بڕی ئاوەکەی دەگاتە زیاتر لە 32 ملیار مەتر سێجا و رووبەرەکەیشی زیاتر لە شەش هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشە.

.jpeg&w=3840&q=75)
