رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە دوو رۆژی دیکە، هەر لەسەر رووداوەکانی هۆتێل لالەزار، لاهوور شێخ جەنگی، پۆڵادی برای و 20 کەسی دیکە دادگەیی بکرێن. گوتەبێژی تیمی پارێزەرانیان دەڵێت، 64 کەس سکاڵایان دژیان تۆمار کردووە کە زۆربەیان لە هێزە ئەمنییەکانن.
دانا تەقیەدین، گوتەبێژی تیمی پارێزەرانی لاهوور شێخ جەنگی ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "چوارشەممە 28-10-2026 بڕیارە لاهوور شێخ جەنگی و 21 کەسی دیکە کە ئێستا زیندانن لە دادگەی تاوانەکانی دووی سلێمانی دادگەیی بکرێن".
بەگوتەی گوتەبێژی تیمی پارێزەرانی لاهوور شێخ جەنگی، دانیشتنەکە دەبێتە یەکەم دانیشتن لە دۆسیەیەکی نوێدا کە بە مادەی 406ـی تایبەت بە کوشتن لە دادگەی سلێمانی بەڕێوە بچێت.
دانا تەقیەدین گوتی: "64 کەس سکاڵایان دژی لاهوور شێخ جەنگی و هاوڕێکانی بە مادەی 406 تۆمار کردووە و چاوەڕوان دەکرێت رۆژی دادگەییکردن ئامادە بن، کە زۆرینەیان ئەندامانی هێزەکانی ئاسایش و کۆماندۆن".
لەبارەی دانیشتنی داهاتووی دادگەوە گوتەبێژی تیمی پارێزەرانی لاهوور شێخ جەنگی گوتی، یەکەم دانیشتن بە مادەی 406 هیچ بڕیارێکی لێ نادرێت و بە شێوەیەکی یاسایی کەسەکان دەناسێندرێن و شاهید و سکاڵاکاران ئامادە دەبن و بڕیاردان دوای چەند دانیشتنێکی دیکە دەبێت.
"تەنیا لاهوور شێخ جەنگی و پۆڵادی برای براونەتە چاکسازی"
دوای هەشت دانیشتنی دادگە، لە 15-10-2026، دادوەرانی دۆسیەی لالەزار، بە ماددەی 56ـی تایبەت بە پلاندانان و هەوڵدان بۆ کوشتن، لاهوور شێخ جەنگییان بە پێنج ساڵ و سێ مانگ زیندانیکردن سزا دا، هەروەها پۆڵاد شێخ جەنگی بە سێ ساڵ و شەش مانگ و رێبوار حامی حاجی غالی بە دوو ساڵ سزا دران، هەشت کەسی دیکە بە کاتی جیاواز حوکم دران و دووانیشیان بێتاوان ناسێندران.
دانا تەقیەدین گوتی: "لە هەموو دۆسیەی لالەزار 25 کەس ماونەتەوە، 23یان لە زیندانی ئاسایشدان بەوانەشەوە کە حوکم دراون، تەنیا کاک لاهوور شێخ جەنگی و پۆڵادی برای براونەتە چاکسازیی گەورانی سلێمانی".
بەگوتەی ئەو پارێزەرە، تاوەکو ئەمڕۆ دادوەرانی دادگەی تاوانەکانی سلێمانی، حوکمدانی لاهوور شێخ جەنگی و هاوڕێکانیان بە دەقی یاسایی نەنووسیوەتەوە و بڕیارەکەیان بە نووسراوی فەرمی دەرنەکردووە، لەبارەی هۆکارەکەشەوە گوتی: "یاساییە و یاسا رێگەی داوە نووسینی بڕیار بە فەرمی بۆ ماوەیەک دوابخرێت".
"حوکمدانی پێشوومان تەممیز کردووەتەوە"
گوتەبێژی تیمی پارێزەرانی لاهوور شێخ جەنگی گوتی، دوای حوکمدانی لاهوور شێخ جەنگی و هاوڕێکانی، بڕیاری حوکمەکەیان لە دادگەی پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستان "تەممیز" کردووەتەوە و چاوەڕوانی وەڵامی دادگەی پێداچوونەوەن.
دانا تەقیەدین دەڵێت، ئەوان چاوەڕوانن لە چەند رۆژی داهاتوودا دادگەی پێداچوونەوە وەڵامی فەرمیی داواکەیان بداتەوە، کە پێداچوونەوەیە بە حوکمی دەستگیرکراوانی لالەزاردا.
یەکەم جار 12ـی کانوونی دووەمی 2026 و دوایین جاریش 15-10-2026 لاهوور شێخ جەنگی برایە دادگە، بەڵام لە هەموو دانیشتنەکاندا گوتەی لێ وەرنەگیراوە.
رۆژی 22-08-2025ـدا، دوای رازی نەبوونی لاهوور شێخ جەنگی بەوەی خۆی رادەست بکات، هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی هێرشیان کردە سەر هۆتێلی لالەزار. دوای سێ کاژێر رووبەڕووبوونەوە، لاهوور شێخ جەنگی، پۆڵادی برای و ئەندامانی هێزەکەی دەستگیر کران.
لە پێکدادانەکەی 22ـی ئابدا ئەوەی بە فەرمی راگەیێندرا گیانلەدەستدانی پێنج کەس و برینداربوونی زیاتر لە 20 کەسی دیکە بوو.


