رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی پێکدادانی دوو ئۆتۆمبێل لەسەر رێگەی سەرەکیی نێوان دیواندەرە-بیجاڕ لە پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان، سێ ئەندامی یەک خێزان گیانیان لەدەستدا و کەسێکی دیکەش بریندار بوو.
شایەتحاڵێک لە شاری دیواندەرە، رۆژی سێشەممە، 27ی تشرینی یەکەمی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "رووداوەکە لەنێوان دوو ئۆتۆمبێلی جۆری سایپا (وانێت) و پراید لەسەر رێگەی دیواندەرە-بیجاڕ روویداوە."
بە گوتەی ئەو هاونیشتمانییە، بەهۆی تووندیی پێکدادانەکەوە سێ سەرنشینی ئۆتۆمبێلی پرایدەکە کە دایکێک و دوو منداڵی بوون، دەستبەجێ گیانیان لەدەستداوە؛ هەروەها شۆفێری ئۆتۆمبێلی سایپاکەش بریندار بووە و بۆ وەرگرتنی چارەسەر گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە.
ساڵانە ژمارەیەکی زۆری خەڵک لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی خراپیی رێگەوبان و نەبوونی مەرجەکانی سەلامەتی و تووندوتۆڵی لە بەشێک لە ئۆتۆمبێلەکان دەبنە قوربانی؛ بەپێی ئاماری فەرمیی رێکخراوی دادپزیشکیی ئێران، پار (21-3-2025 تاوەکو 21-3-2026)، 19 هەزار و 540 کەس بەهۆی رووداوەکانی هاتووچۆوە گیانیان لەدەستداوە.



