رووداو دیجیتاڵ
لە شاری سنە، بڕیاری زیادکردنی کرێی تاکسی و گواستنەوەی گشتی بە رێژەی 30% دراوە، بەڵام قایمقامی شارەکە لە دژی بڕیارەکەیە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 28ی تشرینی یەکەمی 2026، حەمید خزری، بەڕێوەبەری فەرمانگەی گواستنەوەی شارەوانیی سنە رایگەیاند، لەسەر پێشنیازی سەندیکای خاوەن تاکسییەکان، کرێی تاکسی لە نێو شاری سنە 30٪ زیاد کراوە.
حەمید خزری گوتی، "پێشنیازی زیادکردنی کرێی تاکسی و گواستنەوەی گشتی لە نێو شاری سنە، لە لایەن ئەنجوومەنی شارەکەوە پەسند کراوە، بەڵام بڕیارەکە رووبەڕووی دژایەتیی قایمقام بووەتەوە."
بەڕێوەبەری فەرمانگەی گواستنەوەی شارەوانیی سنە دەڵێت، بابەتەکە بەهۆی دژایەتیکردنی قایمقامی شارەکەوە رەوانەی لیژنەی چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی پارێزگاکە کردووە، کە لە لایەن ئارەش لهۆنی، پارێزگاری سنەوە سەرپرشتی دەکرێت.
بە گوتەی ئەو بەرپرسە، هێشتا بڕیاری زیادکردنی کڕێی تاکسی یەکلانەکراوەتەوە و بڕیاری کۆتایی لەسەر بابەتەکە لە لایەن لیژنە چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان و پارێزگارەوە دەدرێت.
حەمید خزری دەشڵێت، چاوەڕوان دەکرێت کاریگەرییە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی بە وردی لەبەرچاو بگیرێن.
شاری سنە ناوەندی پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستانە و بەپێی دوایین ئامارە فەرمییەکان، ژمارەی دانیشتووانی زیاتر لە 540 هەزار کەسە.



.webp&w=3840&q=75)