رووداو دیجیتاڵ تیمی پارێزەرانی لاهوور شێخ جەنگی و دەستگیرکراوانی دیکەی رووداوەکەی لالەزار، داوای دواخستنی دانیشتنی دادگەیان کردووە و رایدەگەیێنن، "دۆسیەکە لە دادگەیەکی ناتایبەتمەندە و دەبووایە لە دادگەیەکی ئاسایی بووایە، نەک دادگەی ئاسایش". گوتەبێژی تیمی پارێزەران دەڵێت، لاهوور شێخ جەنگی لەنێو چاکسازیی گەوران تەندروستیی باشە، بەڵام حوکمەکەی بە "نادادپەروەرانە و نایاسایی" دەزانێت و پێی وایە، "حوکمێکی دەرەکی جێبەجێ کراوە". هەروەها لاهوور شێخ جەنگی ئاماژەی بەوە کردووە، لە هێرشەکەی سەر ماڵەکەی "زیاتر لە 150 درۆنی بۆمبڕێژ" بەکارهاتوون کە هەندێکیان "فسفۆڕ" بوون. دانا تەقیەدین، گوتەبێژی تیمی پارێزەرانی لاهوور شێخ جەنگی و گیراوانی لالەزار، لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداودا کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکەشی دەکات، وردەکاریی نوێی لەبارەی دۆخ و ژیانی لاهوور شێخ جەنگی لە چاکسازیی گەورانی سلێمانی و دوا پێشهاتەکانی دۆسیە یاساییەکەی خستەڕوو. بە گوتەی دانا تەقیەدین، تیمی پارێزەران داوایان لە دادگەی تاوانەکانی دووی سلێمانی کردووە دانیشتنی دادگاییکردنەکە دوابخرێت، کە دادگەش داواکارییەکەی پەسند کردووە. ئەو هۆکاری داواکارییەکەیانی بۆ دوو خاڵی سەرەکی گەڕاندەوە و گوتی: "یەکەم، پەڕاوی دۆسیەکە زۆر ورد و قەبارەدارە و هەندێک گۆڕانکاریی تێدا کرابوو، بۆیە پێویستمان بە کاتی زیاتر بوو بۆ خوێندنەوەی. دووەم، ئێمە پێمان وایە ئەم دۆسیەیە دەبێت بەپێی تایبەتمەندیی شوێن و یاسا مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت". گوتەبێژی تیمی پارێزەران روونیکردەوە کە دۆسیەکە بەپێی مادەی 406 (کوشتنی بە ئەنقەست) جووڵێندراوە، کە بە بڕوای ئەوان، ئەم مادەیە لە تایبەتمەندیی دادگەی ئاسایشدا نییە. دانا تەقیەدین جەختی کردەوە: "ئەم دۆسیەیە دەبوو هەر لە سەرەتاوە لە دادگەی لێکۆڵینەوەی حەوت بووایە و لێکۆڵینەوەکانیش لە بنکەی پۆلیسی سەرچنار بکرانایە، نەک لە دادگەی ئاسایش، چونکە هیچ لایەنێکی ئەمنی لەخۆ ناگرێت کە تایبەت بێت بە ئاسایش". سەبارەت بە رەوشی لاهوور شێخ جەنگی لەنێو چاکسازیی گەوران، دانا تەقیەدین گوتی، لە ماوەی نزیکەی دوو هەفتەی رابردوودا، دوو جار بە شێوەیەکی یاسایی سەردانیان کردووە. ئەو گوتی: "دوێنێ [سێشەممە] سەردانی کاک لاهوورم کرد، تەندروستیی زۆر باش بوو و زۆر ئاسوودە بوو، چونکە لەو شوێنە بەپێی یاسا دەتوانێت بە ئاسانی پارێزەرەکانی ببینێت، گفتوگۆیان لەگەڵ بکات و ئازادانە پەیوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ خێزان و پارێزەرانی بکات". لاهوور شێخ جەنگی، لە رێگەی پارێزەرەکەیەوە، پەیامێکی لەبارەی حوکمەکەیەوە ناردووە و بە "حوکمێکی نادادپەروەرانە و نایاسایی" وەسفی کردووە. دانا تەقیەدین، لە زاری لاهوور شێخ جەنگییەوە گوتی: "من چاوەڕوانی ئەوەم لە دادگەی سلێمانی نەدەکرد. تاکە سەرکردە بووم لە مێژووی سلێمانی و دوای راپەڕین کە ئامادەی بەردەم دادگە بووم، بەڵام دادگە گوێی لە داواکارییەکانی ئێمە نەگرت و حوکمێکی دەرەکیی جێبەجێ کرد". پارێزەرەکە ئاماژەی بەوەش کرد کە لاهوور شێخ جەنگی "نائومێد بووە لە دادگە" و "وەکو پێشوو سەیری دادگەکانی کوردستان ناکات". لاهوور شێخ جەنگی و پۆڵاد شێخ جەنگیی برای، لە چاکسازیی گەوران پێکەوە لە یەک ژووردان و "مەتبەخ و تەلەفزیۆنی خۆیان هەیە و هیچ سانسۆرێک لەسەر کەناڵەکان نییە". هەروەها رێبوار حاجی غالی، یەکێکی دیکە لە حوکمدراوەکان، لە هەمان چاکسازییە، بەڵام لە هۆڵێکی جیادایە. گوتەبێژی تیمی پارێزەران وردەکاریی زیاتری لەبارەی رووداوەکانی شەوی دەستگیرکردنی لاهوور شێخ جەنگی لە گەڕەکی لالەزار خستەڕوو و رایگەیاند، لاهوور شێخ جەنگی پێی گوتووە کە تاوەکو درەنگانێکی شەو لە رێگەی کەناڵەکانەوە ئاگاداری فەرمانی دەستگیرکردنەکەی بووە، لە کاتێکدا "هێزێکی گەورە چواردەوری ماڵەکەیان گرتبوو". بەپێی گێڕانەوەی لاهوور شێخ جەنگی بۆ پارێزەرەکەی، ئەو پەیوەندیی بە بەڕێوەبەری ئاسایشەوە کردووە و پێی گوتووە: "پۆڵادی برام دەنێرمە دەرەوە وەک بارمتە، تۆ وەرە و من لەگەڵ تۆ دێم"، بەڵام داواکەی جێبەجێ نەکراوە. دواتر بافڵ تاڵەبانی، تەلەفۆنەکەی وەرگرتووە و داوای لێ کردووە لەگەڵ ئەودا بڕوات، بەڵام لاهوور شێخ جەنگی رەتیکردووەتەوە و گوتوویەتی: "تۆ هیچ پێگەیەکی حکومیت نییە، من خۆم تەسلیمی دەوڵەت دەکەم نەک حیزب". دانا تەقیەدین، لە قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد کە لاهوور شێخ جەنگی باسی لەوە کردووە کە لە هێرشەکەدا "زیاتر لە 150 درۆنی خۆکوژ" بەکارهاتوون کە هەندێکیان "فسفۆڕ" بوون و مادەی قەدەخەکراویان تێدابووە. دانا تەقیەدین لە زاری لاهوور شێخ جەنگییەوە گوتی: "ئەو درۆنانە کە دەتەقینەوە، شەوقێکی گەورەیان دروست دەکرد و هەموو شتێکیان دەسووتاند، تەنانەت ژوورێکی ماڵەکەم بەهۆیەوە بەتەواوی تواوەتەوە". هەروەها باسی لە برینداربوونی پۆڵاد شێخ جەنگی کرد و گوتی، کاتێک ویستوویەتی بچێتە دەرەوە بۆ ئەوەی داوای راگرتنی تەقە بکات، "یەکەم گولـلە بەر قاچی کەوتووە و بریندار بووە".