رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان هۆشداری دەداتە هاووڵاتییان و فرۆشیاران لەبارەی مامەڵەکردن بە دەرمان لە رێگەی ئۆنلاینەوە و رایدەگەیێنێت، کڕین و فرۆشتنی دەرمان بە شێوەی ئۆنلاین بە هەموو شێوەیەک قەدەخەیە و هەر کەسێک ئەو کارە بکات، رێکاری تووندی یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژی چوارشەممە، 28ـی تشرینی یەکەمی 2026، لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە سۆنگەی هەستکردن بە بەرپرسیارێتیی تەندروستی و پاراستنی ئاسایشی نیشتمانییەوە، هۆشداری دەدەنە هاووڵاتییان و فرۆشیارە یاساشکێنەکان کە کڕین و فرۆشتنی دەرمان بە ئۆنلاین قەدەخەیە و دەڵێت: "ئەم کارە بە تەواوی نایاساییە و رێکاری تووندی یاسایی لە بەرامبەر هەر کەس و لایەنێک دەگیرێتەبەر کە هەستێت بە ئەنجامدانی و دەرمان بە نایاسایی بفرۆشێت."
وەزارەتی تەندروستی داوا لە هاووڵاتییان دەکات لەپێناو سەلامەتیی تەندروستیی خۆیان و خێزانەکانیان، بە هیچ شێوەیەک پشت بەو ریکلام و پلاتفۆرمە نامتمانەپێکراوانە نەبەستن و دەڵێت: "تکایە خۆتان بەدووربگرن لەم جۆرە دەرمانانە و دەرمان بە ئۆنلاین مەکڕن، جگە لە دەرمانخانە هیچ شوێنێکی دیکە بۆی نییە دەرمان بە چارەخواز بدات."
مەترسیی دەرمانەکانی خۆلاوازکردن و خۆقەڵەوکردن
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا، وەزارەتی تەندروستی تیشکی خستووەتە سەر زیانە زانستییەکانی ئەو دەرمانانەی بۆ دابەزاندن یان زیادکردنی کێش لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ئۆنلاین دەفرۆشرێن و ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو بەرهەمانە "سەرچاوە و پێکهاتەیان نەزانراوە و زیانی کوشندەیان بۆ سەر جەستە هەیە."
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی تەندروستی، زیان و مەترسیی ئەو دەرمانانە بەم شێوەیەن:
دەرمانی کێش دابەزاندن: زۆربەیان مادەی کیمیایی قەدەخەکراو یان بڕێکی زۆر لە کافایین و هاندەرە تووندەکان لەخۆ دەگرن. ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی مەترسیداری پەستانی خوێن، تێکچوونی لێدانی دڵ (Arrhythmia)، جەڵتەی دڵ و مێشک، هەروەها تێکشکانی خانەکانی جگەر و گورچیلە.
دەرمانی کێش زیادکردن: زۆربەی کات بڕێکی نائاسایی هۆرمۆنەکان (وەک کۆرتیزۆن) یان ستیرۆید لەخۆ دەگرن، کە دەبنە هۆی کۆبوونەوەی شلە لە لەشدا، تێکچوونی سیستمی بەرگری، کێشەی هۆرمۆنیی تووند و لاوازکردنی توانای کارکردنی ئەندامە سەرەکییەکانی جەستە.
وەزارەتی تەندروستی دەڵێت، دەرمان تەنیا دەبێت لە دەرمانخانە مۆڵەتپێدراوەکان و بە رەچەتەی پزیشکی پسپۆڕ دابین بکرێت و رایدەگەیێنێت: "تیمە چاودێرییەکانمان بە تووندی بەدوای سەرپێچیکاراندا دەگەڕێن و هەر کەسێک ئەم مامەڵەیە بکات، رووبەڕووی یاسا دەکرێتەوە."


