رووداو دیجیتاڵ
شەپۆلێکی بارانی بەخوڕ، هەورەبرووسکە و لافاو چەندین ناوچەی رۆژئاوای کوردستان و سووریای گرتووەتەوە؛ لە پارێزگاکانی حەسەکە، دێرەزوور، رەققە و شارەکانی کۆبانێ و عەفرین هۆشداری دراوە، بەهۆی لافاویشەوە دەوامی قوتابخانەکان لە رەققە راگیرا و چەندین رێگەی سەرەکی داخران.
بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسیی سووریا ئێوارەی چوارشەممە هۆشداری دایە هاووڵاتییان لە مەترسیی دروستبوونی لافاو بەهۆی لێزمەباران لە ناوچەکانی حەسەکە، دێرەزوور، ناوچەی کەناراوەکان، باکوور و ناوەڕاست، هەروەها تەواوی ناوچەی جەزیرە لە رۆژئاوای کوردستان.
کەشناسی ئاماژەی بەوە کردووە، هەوری باراناوی ئاسمانی دێرەزووری گرتووەتەوە و بەرەو حەسەکە دەڕوات؛ هاوکات لە هەندێک ناوچەی رەققەوە تا بیابانی رۆژهەڵات، بارانی بەخوڕ دەبارێت و لافاو گوندەوارەکانی رۆژهەڵاتی حەلەب، رەققە و بادیەی باکووری گرتووەتەوە.
رێگەی حەلەب - رەققە پچڕا و دەوامی قوتابخانەکان راگیرا
بەهۆی خراپیی کەشوهەواوە، دەستەی پەروەردەی رەققە بڕیاری دا رۆژی پێنجشەممە لە سەرجەم قوتابخانەکانی سنووری پارێزگاکەدا پشووی فەرمی بێت و پرۆسەی خوێندن رابگیرێت.
هەروەها بەهۆی بارانی بەخوڕەوە وێستگەکانی دابەشکردنی کارەبای شاری رەققە لە ترسی رووداوی نەخوازراو کوژێنراونەتەوە. لە لایەکی دیکەشەوە، بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو و دروستبوونی لافاو، رێگەی سەرەکیی نێوان رەققە - حەلەب لە نزیک شارۆچکەی کەسرات لە باشووری رەققە داخرا.
لە دێرەزوور هاتووچۆی سەر پردەکان راگیرا
لە پارێزگای دێرەزوور، فایز عەباس، سەرۆکی لیژنەی وەڵامدانەوەی خێرا رایگەیاند، هاتووچۆ لەسەر سەرجەم پردە سەرئاوکەوتووەکانی هەردوو شاری دێرەزوور و مەیادین تاوەکو کاتێکی نادیار راگیراوە؛ داواشی لە دانیشتووان کرد لە کەنارەکانی رووبار و دۆڵەکان دووربکەونەوە.
لافاو لە کۆبانێ و عەفرین؛ رێگەی حمس - تەدموور داخرا
بەپێی گرتە ڤیدیۆییەکان و زانیارییەکانی رووداو، لافاو و بارانی بەخوڕ لە رۆژئاوای کوردستان زیانی بە کۆبانێ و عەفرین گەیاندووە و ژیانی پەکخستووە. هاوکات لە ناوەڕاستی سووریاش، بەهۆی کۆبوونەوەی ئاو و لافاوەوە، رێگەی سەرەکیی نێوان حمس - تەدموور بەتەواوەتی داخرا.


