رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ شەش گەنجی دیکەی کورد لە لیبیاوە گەڕانەوە هەرێمی کوردستان، یەکێکیان دەڵێت، رۆژانە ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی دراون. داوا دەکات هیچ کەسێک ئەو رێگەیە بۆ کۆچکردن بەکارنەهێنێت.
ئەیوب قەیوان، یەکێک دانیشتووی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕینە، ئەمڕۆ چوارشەممە 28-10-2026 بە ئەبوبەکر ئیسماعیل، پەیامنێری رووداوی گوت: "رێگەیەکی زۆر سەخت و ناخۆش بوو، تاوەکو ئەو جێگەیە چووم کە دەبوو بپەڕینەوە، نەهامەتی و خۆشاردنەوەی زۆرم بینی".
ئەو گەنجە ئاماژەی بەوەدا، لە سەرەتای چوونیان تاوەکو گەڕانەوەیان مەترسی لەسەر ژیانیان هەبووەو گوتی: "تەنانەت نەماندەتوانی بە ئازادی مۆبایل بەکاربهێنین و لەگەڵ کەسوکارمان قسە بکەین، ئەوەی رۆژانە دەمانبینی ئەشکەنجە و لێدانی بەردەوام و ئەشکەنجەی دەروونی بوو".
ئەیوب لەگەڵ پێنج هاوڕێیدا لە 11-08-2026 گەیشتنە لیبیا، دوای رێکارەکان، هەشت رۆژ لە باڵیۆزخانەی عێراق لەو وڵاتە ماونەتەوە و ئەمڕۆ چوارشەممە 28-10-2026 گەیشتوونەتەوە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر.
ئەیوب قەیوان گوتی: "رێگەکە هیچ نیشانەیەکی تێدا نییە کە بتوانم بڵێم چوویتە ئەوێ دەتوانی بە سەلامەتی بگەیتەوە ماڵەوە، دواجار ئێمە خۆمان گوتمان دەگەڕێینەوە".
باوکی ئەیوب بە رووداوی گوت: "قاچاخچییەکە کە گوتبوویان دێینەوە هیچ لاری نەبوو، ئەوان تاوانبار نین، ئێمەی باوکان تاوانبارین، کەس نایەت بڵێ با کوڕەکەت بگەیێنمە ئەورووپا، هیوادارم هیچ دایک و باوکێک رێگە نەدات کوڕەکانیان ئەو رێگەیە بەکاربهێنن بۆ گەیشتنە ئەورووپا".
ئەمڕۆ چوارشەممە ناوەندی هاوئاهەنگیی قەیرانەکان لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لەسەر راسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ شەش گەنجی کوردیان گەیاندووەتەوە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان تەواوی ئامادەکاریەکانیان بۆ پێشوازی و کارئاسانی و هاوئاهەنگی لەنێوان تەواوی لایەنە پەیوەندیدارەکان کردبوو، کە دوای پشکنین و چارەسەری پزیشکی لەلایەن تیمە تەندروستییەکانی فڕۆکەخانە، تیمەکانی وەزارەتی ناوخۆ گەنجەکانیان رادەستی خێزانەکانیان بەسەلامەتی کردەوە".
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، 14 گەنجی دیکەی کورد لە زیندانەکانی لیبیا دۆزراونەتەوە و هەنگاوەکانی هێنانەوەیان لەلایەن فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوە دەستیپێکردووە و لەگەڵ تەواوبوونی مامەڵەکانیان لە چەند رۆژی داهاتوودا دەگەڕێندرێنەوە؛ هەروەها گەڕان بۆ 10 کەسی دیکە بەردەوامە، کە چارەنووسیان نادیارە.
09ی ئەم مانگە 11 کۆچبەری دیکەی کورد کە لە لیبیا گیریان خواردبوو، لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە گەڕێندرانەوە بۆ هەرێمی کوردستان.
رۆژی سێشەممە 08-09-2026 گرووپێک گەنجی کورد کە 33 کەس بوون و لە لیبیا دەستگیر کرابوون، گەڕێندرانەوە هەرێمی کوردستان. دوای ماوەیەک و لە رۆژی هەینی 25-09-2026، سێ گەنجی دیکەی هەمان گرووپ گەڕێندرانەوە هەرێمی کوردستان، زۆرینەیان دانیشتووی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین بوون لە پارێزگای سلێمانی.
بەهۆی هەبوونی گرووپی چەکداری جیاوازەوە، لیبیا بە شوێنێکی مەترسیدار دادەنرێت و چەندین جار هۆشداری بە هاونیشتمانییان دراوە، ئەو رێگەیە بۆ چوونە ئەورووپا بەکارنەهێنن.


