رووداو دیجیتاڵ یەکلاکردنەوەی ناوی ئەو 7 هەزار کەسەی لە کەرکووک بە گرێبەست دادەمەزرێنرێن، قۆناخی تیروپشکی ئەوانەی ماوە کە بڕوانامەی خوار ناوەندییان هەیە و زیاتر لە 140 هەزار کەس داواکارییان بۆ ئەو دامەزراندنە پێشکێش کردووە. ئەحمەد کەرکووکى، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "راگەیاندنی ناوی ئەوانەی بە گرێبەست لە کەرکووک دادەمەزرێن قۆناخێکی ماوە کە ئەنجامدانی تیروپشکە بۆ ئەو کەسانەی کە بڕوانامەیان لە خوار ناوەندییەوە هەیە، تاوەکو لەسەر بنەمای شایستەبوونیان ناویان بخرێتە لیستەکەوە بەگوێرەی باری خێزانی و کۆنیی بڕوانامەکانیان". لە کۆی ئەو 150 هەزار کەسەی بەگوێرەی یاسای بودجەی گشتیی سێ ساڵەی عێراق دەبوو بە شێوەی گرێبەست دابمەزرێندرێن، 7304 کەسیان بۆ پارێزگای کەرکووکە کە تاوەکو ئێستا دیاری نەکراون. ئەحمەد کەرکووکى راگەیاند، داوا لە دادگەی کەرکووک کراوە نوێنەریان دیاری بکەن بۆ ئەوەی لە ئەنجامدانی ئەو تیروپشکە بۆ خاوەنی بڕوانامەی ناوەندی بەرەو خوار ئامادەبن و دوای ئەوە ناوی سەرجەم ئەو کەسانەی کە داواکارییان پێشکێش کردووە و زیاتر لە 140 هەزار کەسن لە رێگەی سیستمێکی ئەلیکترۆنییەوە یەکلا دەکرێتەوە کە بەگوێرەی خاڵ و تایبەتمەندی دیاری دەکرێن. ئەو کەسانەی کە بە گرێبەست دادەمەزرێنرێن دوای سێ ساڵ دەتوانن ببنە فەرمانبەری هەمیشەیی لەو وەزارەتانەی بە گرێبەست لێی دامەزراون. ئەندامەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک راگەیاند، لەدوای راگەیاندنی ناوی ئەو 7403 کەسە، چاوەڕێی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی 2027 دەکرێت کە لەوێدا جێگەیان بکرێتەوە بۆ ئەوەی دەستبەکار بن.
کوردستان30-10-2026لە 7 مانگدا بایی 417 ملیۆن دۆلار کاڵا بە دەروازەی سنووریی پەروێزخاندا هەناردە کراوە