رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی گەرمیان دەستگیرکردنی گەنجێکی چەکداری راگەیاند، کە لە کاتی نوێژی هەینیدا بە ناوی رێکخراوی "داعش"ـەوە نامەی هەڕەشەی بۆ گوتارخوێنی چەند مزگەوتێکی قەزای کفری ناردووە.
رۆژی هەینی، 30ی تشرینی یەکەم، تۆمەتبارەکە لە کاتی نوێژی هەینیدا چووەتە نێو چەند مزگەوتێکی قەزای کفری و کاخەزێکی داوەتە دەست گوتارخوێنەکان کە لەسەری نووسراوە دەوڵەتی ئیسلامی (الدولة الإسلامية).
سۆران محەممەد غەریب، گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "گەنجێکمان دەستگیرکردووە کە لەدایکبووی ساڵی 2006ـە و دەمانچەی پێبووە؛ دانیشتووی کفرییە، بەهۆی ئەوەی هەڕەشەی لە چەند مزگەوتێک کردووە، گومانی ئەوەی لێدەکرێت پەیوەندیی بە داعشەوە هەبێت."
گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان ئاماژەی بەوەش کرد، پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ رووداوەکە کراوەتەوە و بە مەبەستی لێکۆڵینەوەی زیاتر و ئاشکراکردنی راستییەکان، تۆمەتبارەکە رادەستی هێزەکانی ئاسایش کراوە.


