رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای فلای ئەربیل، بڕوانامەی کارپێکردنی هێڵی ئاسمانی (AOC) لەلایەن دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی عێراقەوە پێبەخشرا و بە فەرمی بووە کۆمپانیای گوێزەرەوەی نیشتمانی.
رۆژی یەکشەممە، 1ـی تشرینی دووەمی 2026، لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر رێوڕەسمێکی تایبەت بەم بۆنەیەوە بە ئامادەبوونی بەرپرسانی حکومی و نوێنەرانی دیپلۆماسیی بیانی بەڕێوەچوو.
لاوەند مەموندی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای فلای ئەربیل، لە گوتارێکدا رایگەیاند: "ئەمڕۆ رۆژێکی مێژووییە، دەستکەوتێکی گەورە بۆ شاری هەولێر، هەرێمی کوردستان و عێراق تۆمار دەکەین."
گوتیشی، ئامانجیان ئەوەیە لە رێگەی هەولێری پایتەختەوە پەیوەندییە ئاسمانییەکان لەگەڵ شارەکانی عێراق، ناوچەکە و ئەورووپا فراوانتر بکەن و خزمەتگوزارییەکی "متمانەپێکراو، سەلامەت و رێکخراو" پێشکەش بە گەشتیاران بکەن.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە رێوڕەسمەکەدا ئاماژەی بەوە کرد، ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی کارنامەی حکومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ پشتگیریکردنی کەرتی تایبەت و گوتی: "فلای ئەربیل دەبێتە براندێک و رایەڵەیەکی بەهێز بۆ ناساندنی زیاتری شارەکەمان."
هەروەها جەختی لەسەر رەخساندنی هەلی کار بۆ گەنجان و گرنگیی دەروونیی بوونی هێڵێکی ئاسمانیی خۆماڵی کردەوە کە تێیدا "بە زمانی کوردی بەخێرهاتن دەکرێیت."
ئەحمەد هۆشیار، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، باسی گرنگیی چالاکییەکانی کۆمپانیاکەی کرد کە بەم بڕوانامەیەوە بووەتە (ناقل وطني). روونیکردەوە، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بەشێکە لە چیرۆکی سەرکەوتنی ئەم کۆمپانیایە.
ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش رایگەیاند: "جارێکی دیکە سەلماندمان هەولێر هەر هەولێرە. هەولێر ناوێکی پیرۆزی هەیە لەسەر هەر بابەتێک دابنێیت، ئەو بابەتە گەورە دەبێت."
ئاماژەی بەوەش کرد، کۆمپانیاکە لە "جانتای گەنجێکی هەولێرییەوە" دەستیپێکرد و ئەمڕۆ بووەتە خاوەنی چەندین فڕۆکەی پێشکەوتوو و ستافێکی لێهاتوو.
کۆمپانیای فلای ئەربیل لە ساڵی 2015 دامەزراوە و لە ساڵی 2018 یەکەم گەشتی لە هەولێرەوە بۆ ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوێد ئەنجامدا. ئێستا گەشت بۆ چەندین وڵاتی ئەورووپی و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکات، لەوانە ئەڵمانیا، دانیمارک، هۆڵەندا، بەریتانیا، تورکیا، ئیمارات و لوبنان.
بەدەستهێنانی بڕوانامەی (AOC) رێگە خۆش دەکات بۆ فراوانکردنی تۆڕی گەشتەکانی و ئەنجامدانی گەشتی راستەوخۆ بۆ شارەکانی دیکەی عێراق و جیهان.

