رووداو دیجیتاڵ
دوو پەرلەمانتاری عێراق دەڵێن، سبەی دابەشکردنی مووچە لە بەغدا تەواو دەبێت و لە یەک بۆ دوو رۆژی داهاتوودا لەلایەن وەزیری دارایی عێراقەوە واژۆ لەسەر نووسراوی خەرجکردنی مووچەی هەرێمی کوردستان دەکرێت و هیچ کێشەیەک لە ناردنیدا نییە.
رۆژی یەکشەممە، 1ـی تشرینی دووەمی 2026، د. زیرەک زێباری، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەمڕۆ ئەندامانی پەرلەمان لە بەغدا مووچەیان وەرگرتووە و بڕیارە سبەی سەرۆکایەتیی کۆمار و سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانیش مووچە وەربگرن، بەوەش دابەشکردنی مووچە لە بەغدا کۆتایی دێت. دوای ئەوە، راستەوخۆ دەست بە رێکارەکانی ناردنی مووچەی هەرێمی کوردستان دەکرێت."
سەبارەت بە رێکارە داراییەکان، ئەو پەرلەمانتارەی عێراق گوتی: "لە یەک بۆ دوو رۆژی داهاتوودا لەلایەن وەزیری دارایی عێراقەوە واژۆ لەسەر نووسراوی خەرجکردنی مووچە دەکرێت و هیچ کێشەیەک لە مووچەی هەرێمی کوردستاندا نییە."
هاوکات هەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە رووداوی گوت: "ئەمڕۆ ئەندامانی پەرلەمان مووچەیان وەرگرتووە و بڕیارە سبەی دابەشکردنی مووچە لە بەغدا تەواو بێت، پاشان دەست بە رێکارەکانی ناردنی مووچەی هەرێمی کوردستان دەکرێت".
هەرێم کەمال ئاغا گوتیشی: "هەرچەندە وەزیری دارایی بەڵێنی پێدابووین ئەم مانگە پێش مووچەی عێراق، مووچەی هەرێمی کوردستان بنێرێت، بەڵام دووبارە کەوتە دوای بەغدا."
لە بارەی ئامادەکارییەکانی هەولێریشەوە، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند: "وردبینی لە لیستەکاندا تەواو بووە و نووسراو بۆ وەزیری دارایی عێراق نێردراوە بۆ ئەوەی واژۆی لەسەر بکات و بڕیاری خەرجکردنی پارەکە بدات."
سەرچاوەکەی وەزارەتی دارایی باسی لەوەشکرد: "هەر کاتێک پارەکە بگاتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەت، ئێمە ئامادەین و راستەوخۆ دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکەین."
بەگوێرەی زانیارییەکانی زیاد ئیسماعیل، پەیامنێری رووداو لە بەغدا، بەزووترین کات پارەی مووچە دەخرێتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان و بڕەکەی 839 ملیار و 396 ملیۆن و 877 هەزار و 909 دینارە.
هاوکات سەرچاوەیەکی تایبەت لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ بە شکۆ عومەر، بەرپرسی نووسینگەی رووداو لە بەغدای گوتووە، سبەی یان دووسبەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان خەرج دەکرێت و دەخرێتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان.
رۆژی 22-10-2026، شاندێکی تەکنیکی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان، لیستی مووچەی مانگی تشرینی یەکەم و تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی ئەیلوولی رادەستی وەزارەتی دارایی فیدراڵ کرد.
بەپێی خشتەی راگەیێنراوی وەزارەتی دارایی، رۆژی 11-10-2026 دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئەیلوول کرا و پرۆسەکە تاوەکو 14ـی تشرینی یەکەم بەردەوام بوو.
