رووداو دیجیتاڵ
بە فەرمانێکی کارگێڕیی پارێزگای کەرکووک و پاڵپشت بە بڕیاری دادگەی باڵای کارگێڕیی عێراق، قاسم ئیبراهیم حافز، وەک بەڕێوەبەری بەشی پلاندانان لە دیوانی پارێزگای کەرکووک گەڕایەوە سەر پۆستەکەی.
عەبدوڵڵا میروەیس، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، ئەمڕۆ دووشەممە 2ی تشرینی یەکەمی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەپێی فەرمانێکی کارگێڕیی پارێزگای کەرکووک، رۆژی 1ی تشرینی دووەمی 2026 بە واژۆی ئیبراهیم عەلی تەمیم، جێگری هونەریی پارێزگاری کەرکووک دەرکراوە، بڕیاردرا بە هەڵوەشاندنەوەی فەرمانی پێشووی کارگێڕی (ژمارە 1269 لە 28ی حوزەیرانی 2026) و گەڕاندنەوەی قاسم ئیبراهیم حافز بۆ پۆستی بەڕێوەبەری بەشی پلاندانان لە دیوانی پارێزگای کەرکووک.
بەگوێرەی فەرمانە کارگێڕییەکە کە وێنەیەکی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتوە، بڕیارەکە پاڵپشت بە بڕیاری دادگەی دادی فەرمانبەران لە 9ی ئابی 2026 دراوە، کە دواتر بە بڕیاری دادگەی باڵای کارگێڕی لە 14ی تشرینی یەکەمی 2026 (پلەی کۆتایی) وەرگرتووە.
لە 28ی حوزەیرانی 2026، محەممەد سەمعان، پارێزگاری کەرکووک کە ئێستا بووەتە وەزیری دەوڵەت لە حکومەتی عێراق، فەرمانێکی کارگێڕیی دەرکردبوو بۆ لادانی قاسم حافز لە پۆستی بەڕێوەبەری پلاندانان و بەدواداچوون.
لە 5ـی 9ـی2024، بە بڕیاری رێبوار تەها، پارێزگاری ئەوکاتی کەرکووک، قاسم ئیبراهیم حافز وێڕای پۆستی بەڕێوەبەری پلاندانانی پارێزگا، ئەرکی جێگری پارێزگار بۆ کاروباری تەکنیکی پێسپێردرا.


.jpeg&w=3840&q=75)