رووداو دیجیتاڵ
قایمقامیەتی کەرکووک نرخی مانگانەی یەک ئەمپێری کارەبای موەلیدە ئەهلییەکانی بە 15 هەزار دینار بۆ تەواوی ناوچەکانی شارەکە دیاریکرد و رایگەیاند، بڕیارەکە بەسەر هەموواندا جێبەجێ دەکرێ.
بەپێی بڕیاری قایمقامیەتی ناوەندی کەرکووک کە بە واژۆی ئاڤێستا محەممەد عیزەدین، قایمقامی ناوەندی کەرکووک ئەمڕۆ دووشەممە (2ی تشرینی دووەمی 2026) دەرچووە و وێنەیەکی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی سەختی ئابووری و بژێویی هاووڵاتییان و لەپێناو کەمکردنەوەی بارگرانیی دارایی لەسەر شانیان، چەند بڕیارێک سەبارەت بە نرخی کارەبای موەلیدە ئەهلییەکان درا:
- نرخی مانگانەی موەلیدە ئەهلییەکان لە سەرجەم گەڕەک و ناوچەکانی سەنتەری پارێزگای کەرکووک دەبێتە 15 هەزار دینار بۆ یەک ئەمپێر، ئەوەش بە شێوەیەکی یەکگرتوو بۆ هەموو ناوچەکان بەبێ جیاوازی.
- سەرجەم خاوەن موەلیدە ئەهلییەکان پابەند دەکرێن بەو نرخەی دیاریکراوە و رێگە نادرێ هیچ بڕە پارەیەکی زیاتر لەوە لە هاووڵاتییان وەربگیرێت.
- لیژنە پەیوەندیدارەکان بە شێوەیەکی مەیدانی بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە دەکەن، سەرپێچییەکان تۆمار دەکەن و رێکاری یاسایی و کارگێڕیی پێویست بەرامبەر سەرپێچیکاران دەگرنەبەر.
- سەرجەم ئەو بڕیار و رێنماییە پێشووانەی کە لەگەڵ ئەم بڕیارەدا یەکناگرنەوە، هەڵدەوەشێنرێنەوە.
پێش ئەم بڕیارە عەبدوڵڵا میروەیس، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگاری کەرکووک، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەکرێ بۆ تاوتوێکردنی رێکاری پێویست لەبارەی نرخی مۆلیدە ئەهلییەکان کە "بەڕاستی بووەتە کێشەیەکی گەورە، باری سەرشانی خەڵکی کەرکووک قورس کردووە".
بەهۆی دیاریکردنی نرخی ئەمپێرێک کارەبای موەلیدە بە 18 هەزار دینار بۆ مانگی رابردوو، لە بەشێکی گەڕەکەکانی شاری کەرکووک هاووڵاتییان دوێنێ شەو رژانە سەر شەقام و دەستیان بە خۆپێشاندان کرد.


.jpeg&w=3840&q=75)