رووداو دیجیتاڵ
هێزە ئەمنییەکانی ئێران سێ هاونیشتمانیی خەڵکی شنۆیان دەستبەسەر کرد و تاوەکو ئێستا چارەنووسیان نادیارە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 2ی تشرینی دووەمی 2026، رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویانکردەوە، هێزەکانی ئیتڵاعاتی سوپای پاسداران دوێنێ یەکشەممە، بەبێ بڕیاری دادگە، هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی 'زاهید سەیدکەریمی'، خەڵکی گوندی "باب خاڵاوێ"ی سەر بە شنۆ و دەستبەسەریان کردووە.
لە هەمان رۆژدا هێزە ئەمنییەکانی ئیتڵاعاتی سوپای پاسداران چوونەتە سەر ماڵی هاونیشتمانییەکی دیکە بەناوی 'سەدرەدین ئیسماعیلزادە'، تەمەن 34 ساڵ و خەڵکی گوندی "شاوانە"ی سەر بە شنۆ و دەستبەسەریان کردووە.
هاوکات رۆژی شەممە 31ی تشرینی یەکەمی 2026، هێزەکانی ئیتڵاعاتی سوپا لە شنۆ، هاونیشتمانییەکی دیکەیان بە ناوی کۆمار روویان، تەمەن 22 ساڵ لە شوێنی کارەکەی (سەرتاشخانە) دەستبەسەر کردووە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستوویانەتەوە.
تاوەکو ئێستا هۆکاری دەستبەسەرکردن، تۆمەتە ئاراستەکراوەکان و شوێنی راگرتنی ئەو سێ هاونیشتمانییە نەزانراوە. دەسەڵات و میدیای دەسەڵاتیش لەو بارەیەوە هیچ زانیارییەکی بڵاونەکردوەتەوە.

.jpeg&w=3840&q=75)