رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دارایی عێراق فەرمانگەی ژمێریاری لە وەزارەتەکەی راسپارد رێکارەکانی ناردنی مووچەی مانگی تشرینی یەکەمی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەستپێبکات.
ئەمڕۆ دووشەممە 2ی تشرینی دووەمی 2026، فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق، فەرمانگەی ژمێریاری سەر بە وەزارەتەکەی راسپارد بە خەرجکردن و ناردنی مووچەی مانگی تشرینی یەکەمی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، ئەوەش لە چوارچێوەی رێکارە داراییە کارپێکراوەکانی نێوان هەردوو حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی مووچەی مووچەخۆران.
شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە بۆ تۆڕی میدیایی رووداو هەواڵەکەی پشتڕاستکردە و گوتی، وەزیری دارایی عێراق لە ئوردن بوو، دوێنێ گەڕایەوە و ئەمڕۆ فەرمانگەی ژمێریاری سەر بە وەزارەتەکەی راسپارد بە خەرجکردن و ناردنی مووچەی مانگی تشرینی یەکەمی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.
شێروان دووبەردانی ئاماژەی بەوەکرد، فەرمانگەی ژمێریاری دەست بەکاردەبێت، رێکاری پێویست دەگرێتەبەر دواتر پارەکە خەرج دەکرێ و دەخرێتە سەر هەژمارەی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لە لقی هەولیری بانکی ناوەندی عێراق.
رۆژی 22-10-2026، شاندێکی تەکنیکی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان، لیستی مووچەی مانگی تشرینی یەکەم و تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی ئەیلوولی رادەستی وەزارەتی دارایی فیدراڵ کرد.


.jpeg&w=3840&q=75)