رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی باڵای خانمان و گەشەپێدان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە بۆنەیەکی باڵای داکۆکیکاریدا لە هۆتێل رۆتانای هەولێر، بەڵگەنامە و دەرەنجامەکانی توێژینەوەیەکی هاوبەشیان لەگەڵ دامەزراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری ژنان (UN Women) دەخاتەڕوو، داواش لە حکومەتی فیدراڵ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات لە پڕۆژەیاسای بودجەدا پرسی مووچە وەک مافێکی دەستووری و مرۆیی یەکلابکرێتەوە، نەک وەک ململانێیەکی دارایی.
لە بۆنەکەدا کە رۆژی سێشەممە 3-11-2026 لە هوتیل رۆتانای هەولێر بە ئامادەبوونی دیپلۆماتکارانی بیانی، نوێنەرانی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و بەرپرسانی باڵای هەولێر و بەغدا بەڕێوەدەچێت، ئەنجامی توێژینەوەیەکی ئەنجوومەنی باڵای خانمان و گەشەپێدان لەژێر ناونیشانی "ئاسایشی خێزان لەژێر گوشاردا: تێچووی مرۆیی قەیرانی مووچە" بڵاودەکرێتەوە، بە بەشداریی 400 خێزان و هەشت بەڕێوەبەری گشتی ئامادە کراوە.
بە گوێرەی ئەنجامی توێژینەوەکە زیاتر لە 90٪ـی خێزانەکانی هەرێمی کوردستان لە دابینکردنی پێداویستییە بنەڕەتییەکانیاندا رووبەڕووی گرفتی گەورە بوونەتەوە.
د. خانزاد ئەحمەد، ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی باڵای خانمان و گەشەپێدان، گوتارێک پێشکەش دەکات و باس لەوە دەکات، کە کێشەی مووچە لە بابەتێکی داراییەوە بووەتە هۆی دروستبوونی گوشاری قورسی دەروونی و نایەکسانیی جێندەری و دەڵێت: "خانمان لە باشووری کوردستان شانیان داوەتە بەر قورسترین باری ئەم قەیرانە؛ ئەوان دەبێت ئەو بودجە کەم و سنووردارەی دەستیان دەکەوێت بەڕێوەیببەن، کاری چاودێریی بێبەرامبەر ئەنجام بدەن و لە نێو گوشارێکی بەردەوامی دەروونیدا هاوسەنگیی خێزانەکانیان بپارێزن."
هەر لە بۆنەکەدا د. دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئاماژە بە پابەندییە نێودەوڵەتییەکانی عێراق کرد لە چوارچێوەی پێداچوونەوەی گشتگیری نەتەوە یەکگرتووەکان (UPR) بۆ مافەکانی مرۆڤ دەکات و دەڵێت" "دابینکردنی مووچەی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان ئەرکێکی دەستووری و مرۆییە و پێویستە لە دەرەوەی ململانێ سیاسییەکان مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت."
لە بۆنەکەدا پەیام و داواکاریی ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکرێت:
بۆ حکومەتی فیدراڵ لە بەغدا
- گەڕاندنەوە و دابینکردنی پشکی دەستووریی هەرێمی کوردستان لە بودجەدا بە شێوەیەکی شەفاف و لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا.
- دڵنیابوونەوە لەوەی کە مووچەی فەرمانبەرانی کەرتی گشتیی هەرێمی کوردستان بەبێ دواکەوتن و بەپێی پێوەرەکانی مافی مرۆڤ خەرج دەکرێت.
بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان
- دابەشکردنی مووچە بەپێی خشتەیەکی کاتیی پێشبینیکراو و بەردەوامبوونی شەفافیەت لەگەڵ بەغدا.
- پاراستنی بودجەی سێکتەرە سەرەکییەکان (تەندروستی، پەروەردە، ئاو و کارەبا) لە بڕین.
- داڕشتنی بودجەیەکی هەستیار بە جێندەر لە وەزارەتەکاندا بۆ بەهێزکردنی توانای دارایی ژنان لە کاتی تەنگژەکاندا.
بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و کونسوڵخانەکان
- بەکارهێنانی کەناڵە دیپلۆماسی و داراییەکان لەگەڵ بەغدا بە مەبەستی هێنانەکایەی چارەسەرێکی دادپەروەرانە و بنەڕەتی بۆ کێشەی بودجە و مووچە پێش پەسندکردنی کۆتایی پڕۆژەیاسای بودجە لە پەرلەمان.
بەپێی رێکخەرانی بۆنەکە، ئەم هەنگاوە تەنیا کورتەباسێکی ئەکادیمی نییە، بەڵکو گەیاندنی دەنگ و ئازاری راستەقینەی خێزانە کەمدرامەتەکانە بە بڕیاربەدەستانی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی، لە ساتەوەختێکدا کە دانوستاندنەکانی بودجەی ساڵی داهاتوو لە نێوان هەولێر و بەغدادا لە قۆناخی یەکلاکەرەوەدان.


.webp&w=3840&q=75)
