رووداو دیجیتاڵ
ئەگەر دانیشتنەکەی
سبەی پەرلەمانی کوردستان سەر بگرێت، بە تەمەنترین پەرلەمانتاری ئامادەی نێو هۆڵەکە
سەرۆکایەتیی دانیشتنەکە دەکات.
رۆژی 02-12-2024، بەربژێرانی
سەرکەوتووی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان سوێندی یاساییان خوارد و یەکەم دانیشتنی
پەرلەمان بە سەرۆکایەتیی محەممەد سلێمان، کە لە دایکبووی ساڵی 1948ـە؛ پەرلەمانتاری
بەتەمەنی نەوەی نوێ بەڕێوەچوو.
بەڵام لە 22ی کانوونی دووەمی 2025، محەممەد سلێمان، دەستلەکارکێشانەوەی خۆی راگەیاند و گوتی،
"ئامانجم خزمەتکردن بوو، ناتوانم لە پۆستێک بمێنمەوە ئەگەر خزمەتی خەڵک نەکەم؛
دەستبەرداری پۆستەکەم دەبم"
محەممەد سلێمان، ئەمڕۆ
سێشەممە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "داواکاری بۆ کۆبوونەوەی پەرلەمانی
کوردستان لەلایەن منەوە نەنێردراوە و واژۆم نەکردووە، ئەو داواکارییە لە لایەن دیوانی
سەرۆکایەتیی پەرلەمانەوە نێردراوە."
محەممەد سلێمان گوتیشی:
"من لەسەر هەڵویستی پێشووم و سوورم لەسەر ئەوەی کە تاوەکو هەموو فراکسیۆنەکان
بە تایبەتی پارتی و یەکێتی و نەوەی نوێ، بەشداری نەکەن، سەرۆکایەتیی دانیشتن ناکەم."
کێ سەرۆکایەتیی
دانیشتنەکەی سبەی دەکات؟
لە پەرلەمانی
کوردستان، لە دوای محەممەد سلێمانی، سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ، ئازاد محەممەد
ئەمین، دووەم بەتەمەنترین پەرلەمانتارە کە لەدایکبووی ساڵی 1960ـە.
تۆڕی میدیایی رووداو، پەیوەندیی بە بەشی یاسایی پەرلەمانی کوردستانەوە کرد و لەبارەی سەرۆکایەتیکردنی دانیشتنەکەی سبەی پرسیاری کرد و ئەم وەڵامەی دەستکەوت: سەرۆکی تەمەن، لە هۆڵی پەرلەمان دیار دەکرێت نەک لە دەرەوە، واتە بەتەمەنترین پەرلەمانتار لەو دانیشتنەدا کێیە، ئەو سەرۆکایەتیی دانیشتنەکە دەکات.
ئەمڕۆ سێشەممە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا بڕیاری بەشدارینەکردنی لە کۆبوونەوەی سبەی پەرلەمانی کوردستاندا راگەیاند.
بەو پێیە، دووەم
بەتەمەنترین پەرلەمانتاریش، سبەی ناتوانێت سەرۆکایەتیی دانیشتنەکە بکات.
لەنێو فراکسیۆنی پارتی
دیموکراتی کوردستان و ئەو پەرلەمانتارانەی کە بڕیارە بەشداری بکەن، سەمیرە حەسەن،
بەتەمەنترینە. بە گوێرەی یاسا، ئەو دەتوانێ سەرۆکایەتیی دانیشتنەکە بکات.
سەمیرە حەسەن، ساڵی
1962 لەدایکبووە.


