رووداو دیجیتاڵ
دەزگەی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، لێپرسراوی خاڵی پشکنینی گومرگی دارەمان و یاریدەدەرەکەی لەسەر رێگەی کەرکووک - هەولێر دەستگیر کران.
ئەرشەد حاکم، گوتەبێژی دەزگەی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، رۆژی چوارشەممە، 4ـی تشرینی دووەمی2026، بە رووداوی راگەیاند: "تیمێکی دەزگەی ئاسایشی نیشتمانی لە پارێزگای کەرکووک دوای وەرگرتنی رەزامەندیی دادەوەر، لە ئۆپەراسیۆنێکی کتوپڕدا هەڵیانکوتاوەتە سەر خاڵی گومرگی دارەمان، لێپرسراوی بنکەکە و یاریدەدەرەکەی دەستگیر کران، تۆمەتبارەکان بۆ لێکۆڵینەوە رەوانەی لایەنە پەیوەندیدارەکان کراون و لیکۆڵینەوەش بەردەوامە".
هاوکات سەرچاوەیەک لە بازگەی دارەمان بە رووداوی گوت: "تۆمەتبارەکان لە کاتی وەرگرتنی بەرتیلدا دەستگیرکراون، هەروەها چەندین سەرپێچیی گەورە لە کاری رۆژانەیاندا دۆزراوەتەوە".
خاڵی پشکنینی گومرگی دارەمان، کە دەکەوێتە سەر رێگەی سەرەکیی نێوان هەولێر و کەرکووک، یەکێکە لە ناوەندە گرنگەکان بۆ چاودێریکردنی جووڵەی کاڵا و بارهەڵگرە بازرگانییەکان لە نێوان هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی نێوەڕاست و باشووری عێراق.
ماوەکانی رابردوو شۆفێرانی هەرەیەک لە بازگەکانی دارەمان(بازگەی کەرکووک- هەولێر) و چیمەنی (بازگەی کەرکووک- سلێمانی) سنووری پارێزگای کەرکووک، گلەیی و ناڕەزایەتی خۆیان لە رێگەی تۆڕی میدیایی رووداو باس دەکرد، تووشی ئاستەنگ دەبن لە کاتی تێپەرێنیان لە خاڵە گومرگییەکان.


.jpg&w=3840&q=75)