ئەمڕۆ چوارشەممە دوای زیاتر لە دوو ساڵ، بەئامادەبوونی 52 پەرلەمانتاری سەربەخۆ و فراکسیۆنە جیاوازەکان، پەرلەمانی کوردستان کاراکرایەوە و دەستەی سەرۆکایەتی هەڵبژێردرا.
کاژێری 11:00ی پێش نیوەڕۆ، زەنگی چوونەژوورەوەی پەرلەمانتاران لێدرا و جگە لە 39 پەرلەمانتارەکەی فراکسیۆنی پارتی، 9 پەرلەمانتاری سەربەخۆ و پەرلەمانتارێکی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان بەشدارییان لە دانیشتنەکەدا کرد.
پێش دانیشتنەکە، ئەردەڵان محەممەد، سەرۆکی دیوانی پەرلەمانی کوردستان، بە رووداوی راگەیاند: سەرجەم ئامادەکارییەکان بۆ دانیشتنەکە کراوە، ئەگەر 50+1ی پەرلەمانتارەکان لە نێو هۆڵەکە ئامادەبن کۆبوونەوەکە یاساییە و بەبێ کێشە بەڕێوەدەچێت.
راگەیاندنی سەربەخۆیی سێ پەرلەمانتاری پێشووی یەکێتی
هەردی سەڵاح، پەرلەمانتاری سەربەخۆ کە دوێنی سێشەممە، کشانەوەی لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان راگەیاندبوو، لە لێدوانێکدا بە رەنجە جەمال، پەیامنێری رووداوی گوت: "پەکخستنی پەرلەمان مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر هەرێمی کوردستان، بۆیە بە شانازییەوە هاتووم بۆ کۆبوونەوەی کاراکردنەوەی پەرلەمان."
ئەو پەرلەمانتارە گوتی، "بەوپەڕی قەناعەتەوە هاتووم بۆ دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان و هیچ فشارێکم لەسەر نەبووە. باشترین بڕیار و ئەرکی نیشتمانییش ئەوەیە ئەمڕۆ پەرلەمانی کوردستان کارابکرێتەوە."
کەمێک دواتر، نیشتمان ناوپردانی، کە ئەویش پەرلەمانتاری یەکێتییە، گەیشتە پەرلەمانی کوردستان، لەبارەی ئامادەبوونی لە دانیشتنەکە بە پەیامنێری رووداوی گوت: "لەبەر پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان هاتووم و بەشداری دانیشتنەکەی ئەمڕۆ و دانیشتنەکانی داهاتووش دەکەم."
سێیەم پەرلەمانتاری یەکێتی کە گەیشتە پەرلەمانی کوردستان، محممەد فەیسەڵ کەریم خان بوو، هەرچەندە ئامادەنەبوو بۆ میدیا قسەبکات، بەڵام بەگوێرەی زانیارییەکان رووداو وەک پەرلەمانتاری سەربەخۆ بەشداریی لە دانیشتنەکەدا کردووە.
سێ پەرلەمانتاری فراکسیۆنی نەوەی لە دانیشتنەکەدا
15 خولەک پێش دەستپێکردنی دانیشتنەکەی پەرلەمانی کوردستان، شڤان سەعید، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان جیابوونەوەی خۆی لە (نەوەی نوێ) راگەیاند و گوتی: "لەو کاتەوەی (یەکێتی و نەوەی نوێ) رێککەوتنیان واژوو کردووە، پەیوەندییم بە جووڵانەوەکەوە نەماوە، ئێستا وەک پەرلەمانتارێکی سەربەخۆ ئامادەم دەنگ بدەمە دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان."
هاوکات، دوو پەرلەمانتاری دیکەی نەوەی نوێ (داریوش عەلی و خالید محەممەد) دوور لە چاوی کامێراکان گەیشتنە پەرلەمانی کوردستان و بەبێ قسەکردن بۆ رۆژنامەڤانان چوونە نێو هۆڵی پەرلەمان.
دوو لەتبوونی فراکسیۆنی هەڵوێست
فراکسیۆنی هەڵوێست کە چوار پەرلەمانتاری هەبوو، دوویان (سازگار فایەق و سارا موحسین) بەبێ گەڕانەوە بۆ بڕیاری (رەوتی هەڵوێست) گەیشتنە پەرلەمانی کوردستان و ئامادەی دانیشتنەکە بوون.
دوای ئەوە، فراکسیۆنی هەڵوێست لە راگەیێنراوێکدا دەرکردنی هەردوو پەرلەمانتارەکەی لە ریزەکانی راگەیاند و ئاماژەیان بەوەکرد، "درووشمی بانگەشەی ئێمە تەسلیم نەبوون بوو بەم دەسەڵاتە، ئێستاش دەنگی خەڵکی ناڕازی ببەن و تەسلیمی ئەو دەسەڵاتەی بکەن، زۆر کەس بوون بە مێژوو، پۆست و پارەیان دەستکەوت، بەڵام متمانە و کەسایەتییان لەدەستدا".
هەڵوێستی سۆسیال دیموکرات بەر لە دانیشتنەکەش روون بوو
رێبین محەممەد حاجی مەحموود، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی سۆسیال دیموکراتی کوردستان لە کاتی چوونە ژوورەوەی بۆ باڵەخانەی پەرلەمان بە رووداوی راگەیاند، بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان هاتوون و لەنێو هۆڵەکەدا دەردەکەوێت کە رێژەی یاسایی دەستەبەر دەبێت یان نا."
ئەو پەرلەمانتارە پێش چوونە نێو هۆڵی کۆبوونەوەکە گوتی،"دوو ساڵە داوا دەکەین پەرلەمان کارا بکرێتەوە، با بڕۆینە ئەوێ بزانین بەرنامەکان چۆنن، ئێمە گەشبینین و بۆ ئەوە هاتووین پەرلەمان کارا بکرێتەوە."
سێ پەرلەمانتاری کۆتا سێ لەسەر دووی دەستەی سەرۆکایەتییان بردەوە
سێ پەرلەمانتاری کۆتای پێکهاتەکان (کریستیان و تورکمان)، پێش فراکسیۆنەکانی دیکە گەیشتنە پەرلەمان و بەشدارییان لە دانیشتنەکەدا کرد:
- جەیمس حەسدۆ هیدۆ، كۆتای كريستيان لە دهۆک.
-رامی نووری عودەیش، کۆتای کریستیان لە هەولێر.
-مونا نەبی قەهوەچی، کۆتای تورکمان.
دەستیپێکردنی دانیشتن
کاژێر 11:07 خولەکی پێش نیوەڕۆ، کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان بە ئامادەبوونی 52 پەرلەمانتار دەستیپێکرد و سەمیرە حەسەن، لە فراکسیۆنی پارتی وەک سێیەم بەتەمەنترین پەرلەمانتاری کوردستان سەرۆکایەتیی دانیشتنەکەی کرد.
لە دانیشتنەکەدا دەستبەجێ دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان خرایە دەنگدان و ئەنجامەکانیش بەم شێوەیە بوو:
- ڤالا فەرید، پەرلەمانتاری پارتی، وەک سەرۆکی پەرلەمان هەڵبژێردرا، 52 دەنگ.
- رامی نووری، پەرلەمانتاری کریستیان لە بازنەی هەولێر، وەک جێگری سەرۆکی پەرلەمان هەڵبژێردرا، 52 دەنگ.
- مونا نەبی قەهوەچی، پەرلەمانتاری پارتی چاکسازی تورکمانی، وەک سکرتێری پەرلەمان هەڵبژێردرا، 52 دەنگ.
کاردانەوەی دوای دانیشتنەکە
دوای تەوابوونی دانیشتنەکە، فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیی سازکرد و تێیدا داوای لە سەرجەم فراکسیۆن و پەرلەمانتاران کرد کە بگەڕێنەوە نێو هۆڵی پەرلەمان و بەشداری دانیشتنەکان بکەن.
فراکسیۆنی پارتی پیرۆزبایی کاراکردنەوەی پەرلەمان و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی لە هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستان کرد و رایگەیاند: "بە تەواوکردنی رێکارەکانی دانیشتنی یەکەمی پەرلەمان، رێز لە دیموکراسییەت و دەنگی خەڵک گیرا و کاراکردنەوەی پەرلەمانیش دژی هیچ لایەنێک نییە."
هاوپەیمانێتییەکەی یەکێتی و نەوەی نوێ شەش کورسی کەمیکرد
هەرچەندە پێشتر بەرپرسانی یەکێتی و نەوەی نوێ ئاماژەیان بەوە دەکرد، کە ئەوان پێکەوە 39 کورسی پەرلەمانیان هەیە، بەڵام ئەمڕۆ شەش پەرلەمانتاری هەردوو لایەنەکە بەشدارییان لە دانیشتنەکەی پەرلەمانی کوردستان کرد و خۆیان وەک پەرلەمانتاری سەربەخۆ ناساند.
یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان 23 کورسی بەدەستهێنا، ئەو پەرلەمانتارانەی ئەمڕۆ وازیان هێنا:
-نیشتمان ناوپردانی
-هەردی سەڵاح
-محەمەد فەیسەڵ برادۆستی
بەمەش کۆی کورسییەکانی یەکێتی لە 23 کورسییەوە کەمبووەوە بۆ 20 کورسی.
جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان 15 کورسییان بەدەستهێنا. ئەو پەرلەمانتارانەی ئەمڕۆ وازیان هێنا:
-داریوش عەلی
-شڤان سەعید
-خالید محەمەد
بەمەش کۆی کورسییەکانی نەوەی نوێ لە 15 کورسییەوە کەمبووەوە بۆ 12 کورسی.
بەگوێرەی دانیشتنەکەی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستان ئێستا هاویمانێتییەکەی (یەکێتی و نەوەی نوێ) کە لە 2ـی تەممووزی 2026، لە شاری سلێمانی، لەژێر ناوی (هاوپەیمانیی هاوسەنگی و بووژانەوە) واژۆکرا ٪15.38ی کورسییەکانی لە دەستدا.



.jpg&w=3840&q=75)