رووداو دیجیتاڵ
شارەوانیی شرنەخ لە باکووری کوردستان، چەکی هاوکاریی دارایی بە بڕی 56 هەزار لیرەی تورکی (نزیکەی 1,120 دۆلار) بەسەر 77 خێزاندا دابەش کرد کە 10 منداڵ یان زیاتریان هەیە. پارێزگاری شارەکەش هۆشداری دەدات لەوەی تورکیا رووبەڕووی قەیرانی دانیشتووان بووەتەوە و دەبێت شارەکانی دیکە چاو لە شرنەخ بکەن.
لە چوارچێوەی "پرۆژەی پاڵپشتیی کۆمەڵایەتی بۆ خێزانە 10 منداڵییەکان"، شارەوانیی شرنەخ لە رێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی بیرۆل ئەکیجی، پارێزگاری شرنەخ و مەهمەت یارکا، سەرۆکی شارەوانی، هاوکاریی دارایی پێشکەشی خێزانەکان کرد بە مەبەستی هاندانی زیادبوونی منداڵ و بەهێزکردنی خێزان.
بیرۆل ئەکیجی، پارێزگاری شرنەخ لە گوتارێکدا هۆشداریی دا لەبارەی دابەزینی رێژەی لەدایکبوون و گوتی، "پێویستە هەر خێزانێک لانیکەم سێ منداڵی هەبێت. ئەمڕۆ وڵاتەکەمان رووبەڕووی قەیرانێکی گەورەی دانیشتووان بووەتەوە. هەبوونی منداڵی زۆر و نەوەیەکی گەنج لە گرنگترین پێداویستییەکانمانە، هەربۆیە پێشنیازی مۆدێلی شرنەخ بۆ تەواوی شارەکانی دیکەی تورکیا دەکەین."
لای خۆیەوە، مەهمەت یارکا، سەرۆکی شارەوانیی شرنەخ جەختی لە چەمکی "شارەوانیی کۆمەڵایەتی" کردەوە و گوتی، "پڕۆژەکەمان بە 100 خێزان دەستپێکرد و بڕیارمان دا بەقەد کەمترین مووچەی بنەڕەتی هاوکارییان بکەین. ئەمە وەک منەت سەیر ناکەین، بەڵکو بە ئەرکی خۆمانی دەزانین." ئاماژەی بەوەش کرد، هۆڵی ئاهەنگگێڕانی شارەوانییان بە بێبەرامبەر خستووەتە خزمەت هاووڵاتییانی کەمدەرامەت بۆ کەمکردنەوەی خەرجیی هاوسەرگیری، کە تاوەکو ئێستا 103 خێزان سوودیان لێ وەرگرتووە.
ئامارەکانی منداڵبوون؛ باکووری کوردستان لە پێشەوەیە
بەپێی دوایین ئاماری دەستەی ئاماری تورکیا (تویک) بۆ ساڵی 2025، تێکڕای رێژەی منداڵبوون لە سەرتاسەری تورکیادا بۆ 1.42 منداڵ بۆ هەر ژنێک دابەزیوە، لەکاتێکدا بەپێی پێوەرە جیهانییەکان، بۆ نوێبوونەوەی نەوەیەک پێویستە رێژەکە لانیکەم 2.1 منداڵ بێت؛ ئەمەش نۆیەمین ساڵی لەسەریەکە رێژەی منداڵبوون لەو وڵاتە لە خوار ئاستی پێویستەوەیە.
لەگەڵ ئەوەشدا، پارێزگاکانی باکووری کوردستان بەرزترین رێژەی منداڵبوونیان تۆمارکردووە:
پارێزگای رووها: لە پلەی یەکەمدایە بە 3.15 منداڵ بۆ هەر ژنێک.
پارێزگای شرنەخ: لە پلەی دووەمدایە بە 2.53 منداڵ بۆ هەر ژنێک.
پارێزگای بارتن (لە باکووری تورکیا): نزمترین رێژەی تۆمارکردووە بە تەنیا 1.09 منداڵ بۆ هەر ژنێک.




