رووداو دیجیتاڵ لە گەرمەی شاڵاوەکانی ئەنفال لە ساڵی 1988 و لەنێو تاریکیی سەربازگەی دووبزدا، ژنێک ببووە تاقە پەنا و فریادرەسی 7 هەزار ژن، منداڵ و پەککەوتە؛ رەسمیە نەجمەدین، ئەو مامان و پەرستارە خۆبەخشە بوو کە لە زینداندا منداڵی بۆ ژنانی ئەنفالکراو لەدایک دەکرد و نەخۆشەکانی تیمار دەکرد، ئێستاش دوای 36 ساڵ، تەواوی یادەوەرییەکانی ئەو رۆژگارە تاڵە لە پەرتووکێکدا بڵاودەکاتەوە. رەسمیە نەجمەدین، لەبارەی ئامانجی بڵاوکردنەوەی کتێبەکەی بە رووداوی گوت: «دەمەوێت نەوەی نەوەکانمان بیخوێننەوە بۆ ئەوەی ئەنفالیان لەبیر نەچێت و ئیهمالی ئەنفالکراوەکان نەکەن. با بیر بکەنەوە چیمان بەسەر هاتووە و چی بەسەر کورددا هاتووە، لە ئەنفال، هەڵەبجە و بارزانییەکان. کتێبەکەم پێشکێش بە ئەنفالکراوان و هەموو کورد دەکەم». لەنێو ئەو هەزاران ژن و منداڵە زیندانیکراوەدا، منداڵێک هەبوو کە ئێستا بووەتە پیاوێکی گەورە و رەسمیە وەکو دایکی خۆی دەناسێنێت؛ ئەو پێیوایە لە زیندان رەسمیە وەکو دایکی وابووە. مستەفا محەممەد، کە یەکێکە لە رزگاربووانی ئەنفال، دەڵێت: «لە ژیاندا دوو دایکم هەیە، سرووشتی ژیان قبووڵی بکات یان نەکات من دوو دایکم هەیە؛ دایکە ئامینە و دایکە رەسمیە، هەردووکیان دوو دایکی لەیەک باشترن بۆ من و بەڕاستی رۆڵی قارەمانانەی گێڕا». رەسمیە نەجمەدین، تەنانەت لەژێر لێکۆڵینەوە و گوشاری ئەمنیی کەرکووکیشدا ئامادە نەبوو خیانەت لە کەسوکار و پێشمەرگە بکات. ئێستا تەواوی ئەو یادەوەرییە تاڵانەی سەردەمی ئەنفال لە پەرتووکێکدا بڵاوکراونەتەوە کە لەلایەن عەلی هۆڵەدینەوە نووسراوەتەوە، تاوەکو وەک بەڵگەیەکی مێژوویی لەسەر تاوانی ئەنفال بۆ نەوەکانی داهاتوو بمێنێتەوە. ...