رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری دەروازەی سنووریی تەمرچینی پارێزگای ورمێ دەڵێت، لە حەوت مانگی سەرەتای ئەم ساڵی هەتاویدا، زیاتر لە 680 هەزار کەس بە دەروازەکە هاتووچۆیان کردووە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، زیاتر لە 238 هەزاریان گەشتیاری بیانی بوون.
رۆژی هەینی، 06-11-2026، محەممەد رەزایی، بەڕێوەبەری دەروازەی سنووریی تەمرچین (حاجی ئۆمەران) لە پاریزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، لە سەرەتای نەورۆزەوە (21-03-2026 ) تاوەکو 21ـی تشرینی یەکەم، 683 هەزار و 141 کەس بە دەروازە سنوورییەکەدا تێپەڕیون.
بەگوتەی محەممەد رەزایی، لەو ژمارەیە، 445 هەزار و 96ـیان گەشتیاری ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بوون و 238 هەزار و 45ـیشیان بیانی بوون.
بەڕێوەبەری دەروازە سنوورییەکەی رۆژهەڵاتی کوردستان ئەوەشی خستەڕوو، لە بواری هاتووچۆی بارهەڵگرەکان و ئاڵوگۆڕی بازرگانییەوە، لەو حەوت مانگەدا 37 هەزار و 705 بارهەڵگر بە تەمرچین-حاجی ئۆمەراندا تێپەڕیون کە 33 هەزار و 814ـیان ئێرانی بوون.
لە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان، دەروازەی تەمرچین-حاجی ئۆمەران یەکێکە لە دەروازە سنوورییە فەرمیییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان.
لە پارێزگاکە جیا لە تەمرچین-حاجی ئۆمەران، پێنج دەروازەی سنووریی دیکە هەن کە سێیان (بازرگان، رازی و سێرو) لەگەڵ باکووری کوردستان و تورکیان، دەروازەی سەنەم بۆلاغی پۆلدەشت لەگەڵ کۆماری خۆبەڕێوەبەری نەخجیڤانی سەر بە ئازەربایجانە. هەروەها دەروازەی سنووریی کێلێ، دەروازەیەکی نافەرمیی نێوان پارێزگای ورمێ و هەرێمی کوردستانە و بڕیارە دوو دەروازەی سنووریی دیکەیش لەگەڵ باکووری کوردستان و تورکیا بکرێنەوە.

.jpg&w=3840&q=75)
