رووداو دیجیتاڵ
ئەو هاووڵاتییەی هەفتەی رابردوو لە گوندی (سەیحە)ی سەر بە قەزای حەویجەی پارێزگای کەرکووک رفێندرا، دوای پێدانی 40 هەزار دۆلار بە رفێنەرەکانی، ئازاد کرا.
سەعدوون ئەحمەد، قایمقامی قەزای حەویجە، رۆژی شەممە (7ی تشرینی دووەمی 2026) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هاووڵاتی ئەحمەد سابت ساڵح، کە 29ی مانگی رابردوو لەلایەن سێ کەسی نەناسراوەوە رفێندرا، دوێنێ هەینی دوای وەرگرتنی بڕی 40 هەزار دۆلاری ئەمریکی (4 دەفتەر دۆلار) لەلایەن رفێنەرەکانەوە، ئازاد کرا."
قایمقامی حەویجە هیچ قسەیەکی لەبارەی ناسنامەی رفێنەرەکان نەکرد، بەڵام بە گوتەی سەرچاوەیەکی ئەمنی لە کەرکووک بۆ رووداو، "ئەو کەسەی رفێندرابوو جووتیار بوو و رفێنەرەکانیش چەکداری داعش بوون کە بۆ چەند رۆژێک لە شوێنێکی نادیاردا دەستبەسەریان کردبوو."
ئەحمەد سابت ساڵح، لەدایکبووی ساڵی 2001ـە و دانیشتووی گوندی مەحموودیە، خەریکی کاری کشتوکاڵ بووە.
قەزای حەویجە، نزیکەی 60 کیلۆمەتر لە باشووری رۆژئاوای شاری کەرکووکەوە دوورە.
لە دوو مانگی رابردوویشدا هەندێک هێرش و رووداو لەو سنوورە روویاندا و داعش بە ئەنجامدەری هەندێکیان ناوبرا.



