رووداو دیجیتاڵ
ڤیکتۆریا تەیلەر، یاریدەدەری پێشووی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و بەڕێوەبەری دەستپێشخەری عێراق لە (ئەنجوومەنی ئەتڵەنتییک) لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نیگەرانیی قووڵی خۆی لەبارەی جیاوازی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێشان دەدا و دەڵێ: "ناکۆکییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی زیان بە کورد، هەرێمی کوردستان و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا دەگەیێنێت."
تەیلەر دەڵێ: "کاتێک لە وەزارەتی دەرەوە بووم و دواتریش لە ئەنجوومەنی ئەتڵەنتیک، گفتوگۆی زۆرم لەگەڵ سەرکردایەتیی پارتی و یەکێتیدا ئەنجام دا. لە چەندین کاتی جیاوازدا، وا دەردەکەوت هەردوولا لە گەیشتن بە سازان نزیکن. کەچی لە سەرجەم سەردانەکانمدا، تەنیا یەک سەردان هەبوو کە تێیدا هەردوولا لە لای من گلەییان لە یەکدی نەکردبێت. بە کورتی، ئەوان متمانەیان بە یەکدی نییە."
ئەو دیپلۆماتەی پێشووی ئەمریکا دەنووسێت: "پێم وایە هۆکارێکی دیکەش هەیە کە تاوەکو ئێستا رێگری لە پچڕانی یەکجارەکی (پەیوەندییەکان) کردووە: دەستوەردانی بەرچاوی حکومەتی ئەمریکا. ئیدارەی ترەمپ زۆر کەمتر ئامادە بوو یان ویستی هەبوو کە رۆڵی نێوەندگیر لە نێوان پارتی و یەکێتیدا بگێڕێ. ئیدارەکانی پێشووی ئەمریکا لە بنەڕەتدا ئەوەیان پەسند کرد کە بە تەواوی بچینە نێو وردەکارییەکانی سیاسەتی ناوخۆیی هەرێمی کوردستانەوە و تەنانەت ئەگەر پێویستیش بووایە، گوشار بکەین بۆ ئەوەی رێکبکەون. لەبیرتان بێت، دوای دواکەوتنێکی زۆر، هەر ئەمریکا بوو کە لە سەرەتاوە رۆڵێکی بەرچاوی لە نێوەندگیریی دانوستاندنەکاندا گێڕا بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی تشرینی یەکەمی 2024."
تەیلەر هۆشداری دەدا کە ئەم دۆخەی هەرێمی کوردستان، پێگەی یەکێک لە بەهێزترین هاوبەشەکانی ئەمریکا لە نێو عێراقدا لاواز دەکات.
هاوکات زاڵمای خەلیلزاد، باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا لە عێراق لە ساڵانی (2005 بۆ 2009 )، هۆشداری دا لە دابەشبوونی هەرێمی کوردستان دەدات و لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پرسیاری کرد: "ئایا هەرێمی کوردستان دابەش دەبێت؟" خەلیلزاد جەختی لەوە کردەوە،کە "ئەم سیناریۆیە کارەسات و پاشەکشەیەکی گەورە دەبێت و تەنیا نەیارانی ناوچەکە لێی سوودمەند دەبن، بۆیە بە هیچ شێوەیەک نابێت رێگە بە روودانی بدرێت."
پەرلەمانی کوردستان دوای زیاتر لە دوو ساڵ لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە (تشرینی یەکەمی 2024) کۆبووەوە و دەستەی سەرۆکایەتی هەڵبژارد. ئەم هەنگاوە کاردانەوەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی بەدوای خۆیدا هێنا و بڕیاری دا لە حکومەت بکشێتەوە.



