رووداو دیجیتاڵ
بە دەستپێشخەریی رێکخراوی پێنی نێودەوڵەتی، رێکخراوی پێنی کورد و پێنج شارەوانیی ناوەندیی ئامەد، کۆنفرانسی (ئەدەب و ئاشتی) لە باکووری کوردستان بەڕێوەچوو. نووسەران و رۆشنبیرانی کورد و نێودەوڵەتی داوایان لە دەوڵەتی تورکیا کرد زمانی کوردی بە فەرمی بناسێنێت و زیندانییانی سیاسی ئازاد بکات، هاوکات کۆتایی بە دانانی قەییووم لەسەر شارەوانییەکان بهێنێت.
رۆژانی 5 و 6ـی تشرینی دووەمی 2026، لە شاری ئامەدی باکووری کوردستان کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی (ئەدەب و ئاشتی) بەڕێوەچوو. ژمارەیەکی بەرچاو لە نووسەرانی کورد لە باکوور، باشوور و دیاسپۆرا، هاوکات نووسەرانی بیانی لە هەرێمی باسک، کەتەلۆنیا و چیلی لە کۆنفرانسەکەدا ئامادە بوون، تاوەکو باسی قۆناخی ئاشتی و مافە دەستوورییەکانی زمانی کوردی و دەستکەوتە نەتەوەییەکان بکەن.
داواکاریی سەرۆکی رێکخراوێک لە دەوڵەتی تورکیا
بورهان سۆنمەز، سەرۆکی رێکخراوی پێنی نێودەوڵەتی لە گوتارێکدا لەنێو کۆنفرانسەکەدا داوای لە دەوڵەتی تورکیا کرد، هەنگاوی پێویست بۆ ئاشتی بنێت و جەختی کردەوە کە دەستپێکی سەرەکی بریتییە لە پرسی زمان.
سۆنمەز گوتی: "دەبێت زیندانییانی سیاسی ئازاد بکرێن و ئەو کەسانەی ئێستا لە چیاکانن بتوانن بگەڕێنەوە ماڵەکانی خۆیان."
سەرۆکی رێکخراوی پێنی نێودەوڵەتی داوای کرد، زمانی کوردی ببێتە زمانی فەرمیی پەروەردە و ناسنامەی کورد لە دەستووردا بە فەرمی بناسرێت.
سۆنمەز هەروەها گوتی: "دەبێت سیاسەتی دانانی قەییووم لە شارەوانییەکان کۆتایی پێ بێت تاوەکو هەموو کەسێک بتوانێت بە شێوەیەکی دیموکراتی خۆی بەڕێوە ببات، بە واتایەکی دیکە دەبێت دەستبەرداری سیاسەتی تواندنەوە (ئاسیمیلاسیۆن) بن و ژیانێکی هاوبەش لە رێگەی گەرەنتیی دەستوورییەوە مسۆگەر بکرێت."
ئەزموونی هەرێمی باسک؛ گۆڕینی هەرەمی زمان
ئورتزی ئوروتیکۆیتشیا، سەرۆکی پێشووی کۆمیتەی مافی زمان و وەرگێڕان لە رێکخراوی پێنی نێودەوڵەتی کە خەڵکی هەرێمی باسکی ئیسپانیایە باسی لە ئەزموونی وڵاتەکەی کرد لە رووبەڕووبوونەوەی تواندنەوەی زمان.
ئوروتیکۆیتشیا روونی کردەوە لە سەردەمی تواندنەوەدا لە باسک نەوەیەک دروست بوو کە هەرگیز نەیدەتوانی بە زمانی دایکی قسە بکات، چونکە بەساڵاچووان قسەیان پێ دەکرد و گەنجان نەیاندەزانی، بەڵام دوای بەدەستهێنانی مافەکان پێشکەوتنی گەورە روویان دا و ئێستا هاوکێشەکە پێچەوانە بووەتەوە.
ئەو نووسەرەی باسک گوتی، ئێستا گەنجەکانیان زیاتر بە زمانی باسکی دەدوێن و لە وڵاتەکەیاندا زمانەکە دەپارێزرێت.
کەتەلۆنیا: بەفەرمیکردن تاکە گەرەنتییە بۆ کوردی
لە بەشێکی دیکەی کۆنفرانسەکەدا، کارلێس تۆرنەر، جێگری سەرۆکی رێکخراوی پێنی نێودەوڵەتی لە کەتەلۆنیاوە جەختی کردەوە لەوەی لە ناوچە کوردییەکاندا دەبێت کوردی ببێتە زمانی فەرمی و زمانی پەروەردە.
تۆرنەر گوتی: "تەنیا بەم شێوەیە زمانی کوردی دەتوانێت مانەوەی خۆی مسۆگەر بکات و پێگە و سەنگ و شکۆی زمانەکەش تەنیا بەم شێوەیە بەرز دەبێتەوە."
هاوکات لە کۆنفرانسەکەدا سیاسەتڤانان و هاوسەرۆکانی شارەوانییەکانی باکووری کوردستان ئامادە بوون و لە گوتارەکانیاندا تیشکیان خستە سەر هەوڵە نوێکانی پەیوەست بە قۆناخی نوێی چارەسەری و مافەکانی گەلی کورد.
پرسی مافەکانی زمانی کوردی و دانانی قەییووم لە باکووری کوردستان لە مێژووی کۆماری تورکیادا یەکێک بووە لە کێشە بنەڕەتییەکان کە بەردەوام سەرچاوەی ململانێ و نائارامی بووە. بۆ ماوەی چەندین دەیە قسەکردن و خوێندن بە زمانی کوردی لە تورکیا بە تەواوی قەدەخە بوو و لەژێر ناوی پاراستنی یەکپارچەیی دەوڵەتدا سیاسەتی تواندنەوە پەیڕەو دەکرا.
دوای وەستانی دانوستاندنەکانی ئاشتی لە ساڵی 2015 حکومەتی تورکیا دەستی کرد بە لادانی چەندین سەرۆک شارەوانیی هەڵبژێردراوی کورد و لە شوێنی ئەوان فەرمانبەری دەوڵەت (قەییووم)ـی دادەنا کە تاوەکو ئێستاش لە چەندین شارەوانیدا بەردەوامە.
لە چەند هەفتەی رابردوودا جارێکی دیکە لە تورکیا باسی دەستپێکردنی قۆناخێکی نوێ بۆ چارەسەری پرسی کورد هاتە ئاراوە. ئەم کۆنفرانسەی ئامەد لە کاتێکدایە کە کۆمەڵگەی مەدەنی و نووسەرانی کورد دەیانەوێت هەر هەوڵێکی نوێ بۆ ئاشتی لەسەر بنەمای بەفەرمیکردنی دەستووریی زمانی کوردی و ئازادکردنی گیراوانی سیاسی و گەڕانەوەی ئیرادەی دیموکراتیکی شارەوانییەکان بێت.


