رووداو دیجیتاڵ
شەپۆلێکی بەفربارین بەشێکی رۆژهەڵاتی کوردستان گرتەوە و چەندین گوند و ناوچەی شاخاوی لە پارێزگاکانی ورمێ، سنە، کرماشان و لوڕستانی سپیپۆش کرد.
لەگەڵ بارینی بارانی بەخوڕ لە هەر پێنج پارێزگاکەی رۆژهەڵاتی کوردستان، شەپۆلێکی بەفربارین ناوچە شاخاوییەکانی چوار پارێزگای ورمێ، سنە، کرماشان و لوڕستانی گرتەوە.
بەپێی راگەیێندراوی بەڕێوەبەرایەتییەکانی کەشناسیی ئەو پارێزگایانە، بە دابەزینی پلەی گەرما، پیشبینی دەکرێ بارینی بەفر لە ناوچە شاخاوییەکان تاوەکو رۆژی دووشەممە بەردەوام بێت.
لە پارێزگای کرماشان، لە ناوچە شاخاوییەکانی پاوە، روانسەر، جوانڕۆ و ناوچەکانی دیکەی هەورامان بەفر باری.
بەپێی زانیارییەکان، لە ملەی ژاڵانە زیاتر لە 10 سانتیمەتر بەفر باری و تیمەکانی فەرمانگەی رێگەوبان خەریکی راماڵینی بەفری سەر رێگەکانن.
هەروەها لە بەرزاییەکانی چیای شاهۆ لە پارێزگای کرماشان بەفر باری.
لە پارێزگای لوڕستانیش، لە چەندین ناوچەی شاخاوی یەکەم بەفری وەرزی پاییز باری.
بەپێی کەشناسیی پارێزگاکە، لە 24 کاژێری رابردوودا لە ناوچە شاخاوییەکانی شارەکانی ئەلیگودەرز، ئەزنا و دورود بەفر باریوە. بە گوێرەی زانیارییەکان، زۆرترین بەفر لە بەرزاییەکانی شاری ئەلیگودەرز و بەتایبەت لە ملەی گەڵێ بادۆش باریوە.
بەڕێوەبەرایەتیی رێگەوبانی پارێزگای لوڕستان دەڵێ، تیمەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتییەکە بە شۆفڵ خەریکی راماڵینی بەفری سەر رێگەوبانی ناوچەکەن.
لە پارێزگای ورمێش، لە ناوچە شاخاوییەکانی شاری ورمێ، بەتایبەت لە بەرزاییەکانی ناوچەی سۆمای برادۆست یەکەم بەفری پاییز باری.
بارینی بەفر ناوچەی شپیرانی سەر بە شاری سەڵماسیشی گرتەوە. لە گوندەکانی کەلەڕەش، حەسەنی، ئورتانێس و چەندین گوندی دیکەی ناوچەکە لە ئێوارەی شەممەوە بارینی بەفر دەستپێکردووە.
لە گوندەکانی سنوور و ناوچە شاخاوییەکانی شارەکانی چاڵدێران و بازرگان لە باکووری پارێزگاکەش بەفر باری.
لە باشووری پارێزگاکەش، لە چەندین گوندی سەر بە تیکاب بەفر باری.
شەپۆلی بەفربارین، پارێزگای سنەیشی گرتەوە.
لە ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگاکە، بەتایبەت لە ناوچەی هەورامان بەفر باری.
بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسیی پارێزگای سنە رایگەیاند، لە چەند کاژێری داهاتوودا بە دابەزینی پلەی گەرما، ئەگەری بارینی بەفر لە بەرزایی و ناوچە شاخاوییەکان هەیە.



