رووداو دیجیتاڵ
جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێ، کۆبوونەوەکانی شاندی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ بەردەوامن و بەرەوپێشچوونی ئەرێنییان بەدەستهێناوە.
ئیخلاس دلێمی، جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق کە بەشداربووی کۆبوونەوەکانی شاندی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵە، ئەمڕۆ سێشەممە (10ی تشرینی دووەمی 2026) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کۆبوونەوەکانی نێوان شاندی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی عێراق ئەرێنی بوون و بەردەوامن."
بە گوتەی ئیخلاس دلێمی، لە سەردانەکەی دوێنێ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، رێککەوتنی سەرەتایی لەسەر زۆربەی پرسە هەڵپەسێردراوەکانی وەک مووچە، بودجە، نەوت و داهاتە نانەوتییەکان کرا.
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی روونیکردەوە کە عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لیژنەیەکی باڵای بە سەرۆکایەتیی محەممەد تەمیم، جێگری سەرۆکوەزیران بۆ کاروباری ئابووری پێکهێناوە، ئەویش بە ئەندامێتیی وەزیرانی نەوت و دارایی و سەرۆکی دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵ، بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ شاندی هەرێمی کوردستان و نوێنەرانی کورد لە بەغدا سەبارەت بە پرۆژەیاسای بودجە.
ئیخلاس دلێمی کە پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستانە ئاماژەی بەوەش کرد: "پرسی مووچە یەکلایی بووەتەوە و ئێستا گفتوگۆکان گەیشتوونەتە پرسی نەوت، لەوانە بڕی بەرهەمهێنان و هەناردەکردن. تاوەکو ئێستا چوار کۆبوونەوەمان کردووە، کۆبوونەوەکان زۆر ئەرێنین و بەردەوامن و ئێستا لە قۆناخی داڕشتنەوە و نووسینی بەندەکانی تایبەت بە پشک و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستانین."


