رووداو دیجیتاڵ
رێکارە کارگێڕییەکان بۆ گواستنەوە و دابەشکردنی 50 ملیۆن لیتر نەوتی سپی لە بەغداوە بۆ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بەرەو کۆتایی دەچن و بەرپرسانی هەرسێ پارێزگای هەولێر، سلێمانی و دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداویان راگەیاند، راستەوخۆ دوای گەیشتنی نەوتەکە، سەرەتا لە ناوچە شاخاوییەکانەوە دەست بە دابەشکردنی دەکرێت.
رۆژی چوارشەممە، 11ـی تشرینی دووەمی 2026، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئامادەکارییەکان لە قۆناخی کۆتاییدان و خەریکی راییکردنی رێکارە کارگێڕییەکانن؛ گوتیشی: "پێویستیی هەرێمی کوردستان 290 ملیۆن لیتر نەوتی سپییە، بەڵام بەغدا رەزامەندی لەسەر 50 ملیۆن لیتر داوە، کە تەنیا 14%ـی پێداویستییەکان پڕدەکاتەوە."
لەبارەی کاتی گەیشتنی نەوتەکە، پارێزگاری هەولێر گوتی: "ئەمڕۆ پڕۆسەی تەندەرینگ تەواو دەبێت بۆ ئەوەی کۆمپانیای گواستنەوە دیاری بکرێت، ئەگەر سبەی نەوتەکە بگاتە هەولێر راستەوخۆ لە ناوچە شاخاوییەکانەوە دەست بە دابەشکردنی دەکەین."
هاوکات، هێمن قادر، جێگری پارێزگاری هەولێر بە رووداوی گوت، کە دابەشکردنی نەوت بە کارتی سووتەمەنی و بە شێوازی ئەلیکترۆنی دەبێت.
کارزان رەئووف، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی پارێزگای دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، سەرجەم ئامادەکارییەکانیان کردووە و رێکارەکانی گواستنەوەیان دەستپێکردووە.
بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی دهۆک گوتی: "کۆمپانیای گواستنەوە دیاری دەکرێت و رێکارەکان تەواو دەکرێن، نەوتەکە دەگوازرێتەوە بۆ دهۆک و راستەوخۆ لە ناوچە شاخاوییەکانەوە دەست بە دابەشکردنی دەکەین؛ بڕیاریشە وەک پار پشکی دهۆک بە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆشەوە 10 ملیۆن و 700 هەزار لیتر بێت."
لەبارەی رێکارەکان لە پارێزگای سلێمانی، سەلام عومەر، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، رێکارە کارگێڕییەکان لەلایەن پارێزگاوە بەڕێوەدەچن و ئێستا کارەکانی دیاریکردنی کۆمپانیای گواستنەوە تەواو دەکرێن، کە مەرجە کۆمپانیاکە لە هەرێمی کوردستان و لە بەغداش مۆڵەتی فەرمیی کارکردنی هەبێت.
گوتەبێژی نەوت و کانزاکانی سلێمانی باسی لەوەش کرد: "پار پشکی سلێمانی لەگەڵ هەڵەبجە 20 ملیۆن و 500 هەزار لیتر بوو، پێشبینی دەکەین رێکارەکان لە زووترین کاتدا تەواو ببن و لە هەفتەی داهاتوودا دەست بە گواستنەوەی نەوتەکە بکرێت."
رۆژی 2ـی ئەم مانگە، سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاری ناردنی نەوتی سپی بۆ هەرێمی کوردستان دا، دواتریش لە 4ـی مانگ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە فەرمی رەزامەندی لەسەر دابینکردنی 50 ملیۆن لیتر نەوتی سپی دا.
نرخی نەوتەکە بە هەمان نرخی فەرمیی وەزارەتی نەوتی عێراق دەبێت، کە بۆ هەر لیترێک 250 دینار دیاری کراوە؛ بەم پێیەش بەرمیلێکی 200 لیتری نەوتی سپی بە 50 هەزار دینار دەگاتە دەست هاونیشتمانیان.



