رووداو دیجیتاڵ
باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا و نێردەی تایبەتی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بۆ سووریا و عێراق، لەکاتی بەشداریکردنی لە کۆنفرانسی ساڵانەی پەیمانگەی چاتم هاوس لە لەندەن، پەیامێکی راشکاوی ئاراستەی سەرکردایەتیی سیاسیی هەرێمی کوردستان کرد و داوای لێکردن دەستبەرداری ناکۆکییە نێوخۆییەکانیان بن تاوەکو پشتگیریی نێودەوڵەتی لەدەست نەدەن.
تۆم باراک، لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە گەرەنتیی مافەکانی کورد لە عێراق گوتی، "ئامۆژگاریی من و ئامۆژگاریی سەرۆکیش: [ناکۆکییەکانتان] تێپەڕێنن." هەروەها گوتی، "ناکرێت بگەڕێمەوە کۆنگرێس و باسی ئاڵۆزیی دەستووری عێراق و سنووربەندکردنی فیدراڵیی هەرێمی کوردستان و چۆنیەتیی لێکگەیشتنی لەگەڵ بەغدا روون بکەمەوە و پاشان بڵێم، سەرەڕای ئەمە هەمووی، زنجیرەیەک کێشەی بنەماڵەیی لەنێو هەرێمی کوردستاندا هەن،" کە بە گوتەی باراک، کۆمپانیا ئەمریکی و نێودەوڵەتییەکان دەخەنە مەترسییەوە. دیپلۆماتەکە دوایین هێرشی سەر کۆرمۆری بە نموونەیەکی ئەو مەترسییانە هێنایەوە.
باڵیۆزی ئەمریکا جەختی کردەوە، "بەبێ یەکڕیزیی نێوان سەرکردایەتیی کورد و یەکڕیزیی هەولێر و بەغدا، هیچ وەبەرهێنەرێک ملیاران دۆلار ناخاتە نێو کەرتی نەوت و غاز."
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی عێراق و ئێرانیش، باراک رایگەیاند، ئەمریکا چاوەڕوانی ئەوە لە عێراق ناکات ببێتە دووژمنی ئێران، بەڵکو دەبێت وەک پردێک کاربکات، چونکە 1500 کیلۆمەتر سنووری هاوبەش و پەیوەندیی ئایینی و مێژوویی لە نێوانیاندا هەیە.
تۆم باراک هەروەها تیشکی خستە سەر کێشەی تەنگەی هورمز و گوتی، دەبێ عێراق لە رێگەی بۆریی نەوتەوە بە تورکیا و سووریا ببەسترێتەوە تاوەکو رێڕۆی جێگرەوە بۆ هەناردەکردنی وزە دابین بکرێت.
رەخنەی تووندیشی لە بیرۆکراسیی حکومەتی عێراق گرت کە رێگرە لەبەردەم کۆمپانیا جیهانییەکان و بە گاڵتەجاڕیی زانی کە هێشتا ملیۆنان دۆلار بە نایلۆن پێچراوە لە فڕۆکەوە دەنێردرێتە بەغدا.


