رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە گوتارێکدا لە رێوڕەسمی دەرچووانی زانکۆی سەڵاحەدین پەیامێکی ئاراستەی دەرچووان و لایەنە سیاسییەکان کرد و رایگەیاند، لە بەغدا پێداگرییان لەسەر پرسی دامەزراندنی دەرچووانی زانکۆ کردووە کە زیاتر لە 12 ساڵە راگیراوە. هەروەها داوای لە سەرجەم لایەنە سیاسییەکان کرد بگەڕێنەوە بۆ پەرلەمان و لەسەر بنەمای دەستپێشخەرییەکەی سەرۆک بارزانی، بەشدار بن لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت.
مەسرور بارزانی داوای لە دەرچووان کرد لە شکستهێنان نەترسن و گوتی: "شکست ئەوە نییە کە هەوڵ بدەیت و سەرنەکەویت، بەڵکو شکست ئەوەیە کە لە ترسی سەرنەکەوتن، هەرگیز هیچ هەوڵێک نەدەیت." هەروەها هانی دان لە پرۆژەی بچووکەوە دەست بە داهێنان بکەن.
ئاماژەی بەوە کرد لە سەردانەکەی ئەم دواییەیاندا بۆ بەغدا و کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق، پرسی دامەزراندن یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکان بووە، بەو پێیەی زیاتر لە 12 ساڵە بەغدا رێگەی بە هەرێمی کوردستان نەداوە فەرمانبەری نوێ دابمەزرێنێت.
لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا، مەسرور بارزانی دەستخۆشی لەو پەرلەمانتارانە کرد کە بەشدارییان لە کاراکردنەوەی پەرلەماندا کرد و گوتی: "پرۆسەکە بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان بووە و دژی هیچ لایەنێک نەبووە." داواشی لە سەرجەم لایەنەکان کرد لەبەر رۆشنایی بانگەوازەکەی سەرۆک بارزانی بگەڕێنەوە پەرلەمان و بەشداری لە گفتوگۆکانی پێکهێنانی کابینەی نوێدا بکەن.
دەقی گوتارەکەی مەسرور بارزانی:
کەسوکاری قوتابییان، کە بە دڵنیاییەوە ئەمڕۆ زۆر خۆشحاڵن بە دەرچوونی نەوەکانیان و چنینەوەی بەری رەنج و ماندووبوونیان، چونکە دەرچوونی ئێوە، چەند دەستکەوتی ئێوەی قوتابییە، هێندەش دەستکەوتێکی گەورەی دایک و باوک و کەسوکارتانە.
دەرچووانی بەڕێز..
هەر یەک لە ئێوە ئەمڕۆ بڕوانامەیەک لە بوارێکی دیاریکراودا بەدەستدەهێنن. ئەم بڕوانامەیە بێگومان تەنیا کارت و کاخەزێک نییە، بەڵکو بەڵگەنامەیەکە بۆ ئەو زانین و پسپۆڕی و شارەزاییەی لە زانستە جیاجیاکاندا لە ماوەی خوێندنی زانکۆدا فێری بوون و بەدەستانهێناوە.
هیوادارم هەر یەکەتان بتوانن لە بواری تایبەتمەندیی خۆتاندا خزمەتی کۆمەڵگە و وڵاتەکەتان بکەن، رۆڵێکی دیارتان لە کاروانی گەشەپێدانی هەمەلایەنەی کوردستاندا هەبێت.
هەوڵ بدەن خۆتان داهێنان بکەن و دەتوانن لە پرۆژەیەکی بچووکەوە دەستپێبکەن. هەمیشە لە هەوڵەکانتان بەردەوام بن تا سەردەکەون. لە شکستهێنان مەترسن. شکست ئەوە نییە کە هەوڵ بدەیت و سەرنەکەویت، بەڵکو شکست ئەوەیە کە لە ترسی سەرنەکەوتن، هەرگیز هیچ هەوڵێک نەدەیت.
بەڕێزان، ئەو ئارامی و دەرفەتی کار و کەشە گونجاوەی ئێوە چاوەڕێی دەکەن، پێویستی بە سەقامگیریی ئابووری و ئەمنی و سیاسی هەیە. هەربۆیەش ئێمە بەردەوام لە هەوڵداین بۆ رەخساندنی بارودۆخێکی گونجاو بۆتان.
لە چەند رۆژی رابردوودا، سەردانی بەغدامان کرد و لەگەڵ بەڕێز سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ و وەزیرە بەڕێزەکانی حکومەتەکەی کۆبوونەوەی چڕمان کرد و گفتوگۆیەکی درێژمان هەبووە، کە پێداگریمان لەسەر مافە دەستوورییەکان و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان و بەشە بودجەی تایبەتی هەرێمی کوردستان کرد.
یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی گفتوگۆکانمان، بابەتی دامەزراندنی فەرمانبەران و دەرچووانی زانکۆکانمان بوو، کە بەداخەوە زیاتر لە 12 ساڵە، رێگە بە هەرێمی کوردستان نەدراوە فەرمانبەری نوێ دابمەزرێنێ. بە تایبەت کە ئێمە ساڵانە هەزاران دەرچووی زانکۆمان هەیە، کە بەشێکیان دەیانەوێ لە کەرتی گشتیدا دابمەزرێن.
هیوادارم بە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ و گەیشتن بە رێککەوتنێکی دادپەروەرانە لەبارەی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی بودجەی گشتیی عێراقدا، بتوانین دەرفەتی دامەزراندن و هەلی کاری زیاتر بۆ گەنجەکانمان بڕەخسێنین.
لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە لە ساڵانی رابردوودا، پشتیوانییەکی باشمان لە کەرتی تایبەت کردووە و هەموو کارئاسانییەکمان پێشکەش کردوون بۆ ئەوەی رۆڵێکی کارا لە کوردستاندا بگێڕن و سەرەنجام هەلی کاری زیاتر بۆ گەنجەکانمان دەستەبەر بکەن، و بڕیاریشمان دەرکردووە بۆ ئەوەی گەنجانی کوردستان زیاتر بەکاربخرێن. لە هەمان کاتدا دەستمان بە چاکسازیش کردووە لە یاسای کاردا بۆ ئەوەی هەلومەرجی کارکردن لە کەرتی تایبەتیشدا، بە تایبەتی لە رووی پاراستنی مافە یاساییەکان و دابینکردنی داهاتووی ئەوانەی لە کەرتی تایبەت کار دەکەن باشتر بکەین، هاوشێوەی کارمەندان و فەرمانبەرانی کەرتی گشتی بێت.
ئامادەبووانی بەڕێز، وەک ئاگادارن دوای دوو ساڵ، دواجار پەرلەمانی کوردستان کارا کرا و دەستی بە کارەکانی خۆی کردەوە. ئامانج لەم پرۆسەیە، پاراستنی قەوارەی شەرعیی هەرێمی کوردستان و دامەزراوەکانی بووە، دژی هیچ کەس و لایەنێک نەبووە، بەڵکو بۆ گەڕاندنەوەی متمانە بۆ دەنگدەرانی خەڵکی کوردستان و هەموو پێکهاتەکان و هەموو لایەنە سیاسییەکان بووە.
لێرەدا دەستخۆشی لەو پەرلەمانتارانە دەکەم کە بوێرانە ئەرکی ئەخلاقی و یاسایی و نیشتمانیی خۆیان جێبەجێ کرد و بەشدارییان لە کاراکردنەوەی پەرلەماندا کرد.
هیوادارم هەموو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بە بەرپرسیارێتییەکی نیشتمانی، لەم پرۆسەیە بڕوانن و پشتیوانی لەم هەنگاوە بکەن و لەبەر رۆشنایی بانگەوازی جەنابی سەرۆک بارزانی، بگەڕێنەوە بۆ پەرلەمان و بەشدار بن لە گفتوگۆکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی بە هەموومان زیاتر بتوانین خزمەتی خەڵکی کوردستان بکەین و کوردستانمان بەهێزتر و ئاوەدانتر بکەین.
سوپاسێکی بێپایانی پێشمەرگە قارەمانەکان دەکەین، سوپاسی هێزی ناوخۆ و دەزگا ئەمنییەکان دەکەین بۆ ئەو ئاسایش و ئارامییەی بۆ ئێمەیان بەرقرار کردووە. سەری رێز و نەوازش بۆ بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان دادەنەوێنین.
جارێکی تریش پیرۆزباییتان لێ دەکەم و هەر سەرکەوتوو بن.. ئەم سەرکەوتنە لە ئێوە پیرۆز بێت
کوردستانمان هەر ئاوەدان بێت..

