رووداو دیجیتاڵ زیاتر لە مانگێکە کەرکووک بێ پارێزگارە و لە بۆشاییەکی ئیداریدایە؛ لە کاتێکدا تورکمانەکان ناوی قەحتان وەنداوییان بۆ پۆستەکە یەکلایی کردبووەوە، بەڵام قەیس خەزعەلی رێگری لە دانانی دەکات و داوای تورکمانێکی شیعە دەکات. هاوکات لایەنە کوردی و عەرەبییەکانیش چاوەڕوانی رێککەوتنی سەرکردەکانیانن لە بەغدا و ناتوانن کۆببنەوە. بەپێی زانیارییەکانی رووداو، لە دواساتەکاندا قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی عەسائیبی ئەهلی حەق، بووەتە بەربەست لەبەردەم دانانی قەحتان وەنداوی وەک پارێزگاری نوێی کەرکووک و رایگەیاندووە کە دەبێت تورکمانێکی شیعە بۆ ئەو پۆستە دابنرێت. ئەحمەد رەمزی، سەرۆکی فراکسیۆنی بەرەی تورکمانی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، ئەو زانیارییەی رەتنەکردەوە و گوتی: «لە راگەیاندنەکانەوە گوێبیستی بوومە؛ ئێستا لە پەیوەندیدام لەگەڵ سەرکردەکان و هێشتا لەوە دڵنیا نەبوومەتەوە». هەڵوێستەکەی خەزعەلی، فراکسیۆنی عەرەبیشی لە ئەنجوومەنی پارێزگا کردووەتە دوو بەشەوە، هەر بۆیە ئێستا ئەنجوومەنەکە ناتوانێت کۆببێتەوە. رەعد ساڵح، ئەندامی فراکسیۆنی عەرەبی دەڵێت: «بەڕێز قەحتان وەنداوی دوای گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن دیاریکرا، بەڵام هەندێک کێشەی سیاسی هەن کە لە بەغدان نەک لە کەرکووک». لە لایەکی دیکەوە، لایەنە کوردییەکانیش لە ئەنجوومەنی پارێزگا خاوەنی دوو بۆچوونی جیاوازن. ئەندامانی یەکێتی چاوەڕوانی دەرەنجامی کۆبوونەوەی نێوان بافڵ تاڵەبانی، محەممەد حەلبووسی و خەمیس خەنجەرن، بۆ ئەوەی بڕیار لەسەر هەڵبژاردنی کەسێکی دیکە بدەن. نەشئەت شاهوێز، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک رایگەیاند: «ئێمە لە ئەنجوومەن چاوەڕوانی بڕیاری کۆتایی بووین، بەڵام دیارە وەک حکومەتی خۆجێیی کەرکووک، پێویستە رێککەوتنەکە لە بەغدا بکرێت». هاوکات پارتی دیموکراتی کوردستان هێشتا خۆی یەکلایی نەکردووەتەوە کە بەشداریی کۆبوونەوەکە دەکات یان نا، بەڵام بڕوایان وایە ئەم سیستەمی ئاڵوگۆڕی پۆستە سەرکەوتوو نەبووە. حەسەن مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگا دەڵێت: «وا دیارە هەر لە شەوانی درەنگدا پارێزگار بۆ ئێمە دەستنیشان دەکرێت، بۆیە لە تاریکیی دوێنێ شەویشدا نەکرا؛ با ئەوان بگەنە رێککەوتنێک و ئێمەش لە کات و ساتی خۆیدا بڕیاری خۆمان دەدەین». پشکی تورکمان لە پۆستی پارێزگاری کەرکووک تاوەکو کۆتایی ئەمساڵە، بە دانانی کەسێکی دیکە بۆ ئەو پۆستە، لە دوای ساڵی 2003ـەوە دەبێتە 6ـەمین پارێزگاری شارەکە.
کوردستان12-11-2026زانکۆی کوردستان - هەولێر بڕوانامە دەبەخشێتە نزیکەی 700 دەرچوو؛ 90٪ـیان هەلیکاریان بۆ دەستەبەر دەبێت