رووداو دیجیتاڵ
جەنگیز چاندار، پەرلەمانتاری دەم پارتی رایگەیاند، دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی (MGK) لە 27ی تشرینی دووەم، چاوەڕوان دەکرێت یاسای چوارچێوە بچێتە واری جێبەجێکردنەوە و لە سەرەتای مانگی کانوونی یەکەمیشدا دەستەی چاودێریی پەرلەمان پێکبهێندرێت.
چاندار باسی رۆڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی لە پرۆسەکەدا کرد و گوتی: "نێچیرڤان بارزانی لە مێژە لە بواری ئاشتی و چارەسەرکردنی پرسی کورد لە تورکیا، رۆڵی زۆر گرنگی گێڕاوە، پشتیوانیی کردووە و لەگەڵ هەموو لایەنەکان قسەی کردووە".
جەنگیز چاندار، رۆژی پێنجشەممە، 12ی تشرینی دووەمی 2026، بووە میوانی بووڵتەنی (کۆڕۆژ)ـی رووداو و سەبارەت بە قۆناخی پرۆسەی چارەسەری، دیدارەکانی ناو پەرلەمان، یاسای تایبەت بە پرۆسەکە، چارەنووسی گەریلاکانی پەکەکە و زیندانییانی سیاسی و رۆڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەم پرۆسەیەدا، قسەی کرد.
چاندار وەبیری هێنایەوە کە یاسای چوارچێوە لە 10ی ئاب لە پەرلەمانی تورکیا بە دەنگی 467 پەرلەمانتار پەسەندکراوە و گوتی، پشتیوانی بۆ ئەو یاسایە لەناو پەرلەماندا لەسەدا 80ـیە، کە لە مێژووی پەرلەماندا بۆ پەسەندکردنی یاساکان کەم شتی وا دەبینرێت.
مانەوەی هەندێ ئەندامی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان
چاندار ئاماژەی بەوە کرد، بۆ جێبەجێکردنی یاساکە چاوەڕێی بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی (MGK)ـی تورکیان بۆ پشتڕاستکردنەوەی چەکدانانی پەکەکە و گوتی: "27ی تشرینی دووەم و سەرەتای مانگی کانوونی یەکەم، ئەو دوو رێککەوتە لە پرۆسەکەدا رێککەوتی گرنگن. ئەگەر ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی لە کۆبوونەوەی 27ی تشرینی دووەمی خۆیدا راپۆرتی بێچەکی پشتڕاست بکاتەوە و سەرۆککۆمار ئەردۆغانیش یاساکە بخاتە واری جێبەجێکردنەوە، لە سەرەتای مانگی کانوونی یەکەمدا دەستەی چاودێریی پەرلەمان کە لە 12 بۆ 13 کەس پێکدێت و بە سەرۆکایەتیی نوعمان کورتوڵمووش دەبێت، پێکدەهێندرێت. بەوەش هەنگاو بۆ جێبەجێکردنی یاساکە دەنرێت."
سەبارەت بە لێدوانەکانی سەرۆکی میت، ئیبراهیم کاڵن لەسەر ئەو کەسانەی کە ناکەونە چوارچێوەی یاساکەوە، چاندار گوتی، کاڵن روونیکردووەتەوە کە رەنگە هەندێک ئەندام بۆ ماوەیەک لە هەرێمی کوردستان بمێننەوە و دواتر بۆ ئەوانیش رێکخستنێکی یاسایی بکرێت.
چاندار سەرنجی خستە سەر قسەکانی کاڵن لەبارەی دیموکراسیبوون و گوتی: "ئیبراهیم کاڵن گوتی، چەکدانان تەنیا قاچێکی ئەم کارەیە. ئەگەر ئەو زەوینەیەی بووەتە هۆی تێکۆشانی چەکداری لانەبرێت، چەکدانان وەکو خۆی نابێ. لەبەر ئەوە، بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد، هەنگاوی دیموکراسیبوون پێویستن."
"زیندانەکان چۆڵ دەبن و قەییوومەکان دەڕۆن"
پەرلەمانتارەکەی دەم پارتی جەختی لەوە کردەوە، دوای ئەوەی یاساکە چووە واری جێبەجێکردنەوە، پاساوەکانی دانانی قەییووم لەسەر شارەوانییەکان نامێنن و زیندانییانی سیاسیش ئازاد دەکرێن.
گوتی: "ئەو یاسایەی دەرچووە لە مێژووی تورکیادا یەکەمین جارە دەقێکی یاسایی سەبارەت بە پرسی کورد دروست دەکات. ئێمە چاوەڕێین یاساکە بچێتە واری جێبەجێکردنەوە. کاتێک ئەوە روویدا، نابێت سیاسەتڤانانی وەکو سەلاحەدین دەمیرتاش لە زینداندا بمێننەوە و نابێت سیستمی قەییووم بەردەوام بێت. زیندانەکان چۆڵ دەبن، بە هەزاران کەس لە شاخ و ئەوروپاوە دەگەڕێنەوە وڵاتی خۆیان."
نێچیرڤان بارزانی رۆڵێکی یەکلاکەرەوە دەگێڕێت
جەنگیز چاندار باسی رۆڵی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پرۆسەکەدا کرد و گوتی: "نێچیرڤان بارزانی لە رابردووشەوە لە بواری ئاشتی و چارەسەرکردنی پرسی کورد لە تورکیا، رۆڵ و هەوڵی زۆر گرانبەهای هەبووە. ئەو پشتیوانی لەم کارە کردووە و لەگەڵ هەموو لایەنەکان قسەی کردووە. لەم قۆناخەشدا بینیمان کە ئەو لەگەڵ سەرۆککۆمار رەجەب تەییب ئەردۆغان و سەرۆکی میت، ئیبراهیم کاڵن کۆبووەوە. نێچیرڤان بارزانی لەم کاتەدا رۆڵێکی زۆر گرنگ و یەکلاکەرەوەی نێوەندگیری دەگێڕێت و پەیامی ئەوە دەدات کە ئێمە دەتوانین بپەڕینەوە بۆ رۆژەڤێکی ئەرێنی."
چاندار هەروەها گوتی: "دوو رۆژ لەمەوبەر لە کۆبوونەوەی ئەنقەرەدا لە دەمی ئیبراهیم کاڵنەوە بیستمان کە سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستانی عێراق وەکو پێشتر و ئێستاش رۆڵێکی زۆر گرنگ دەگێڕن. نێچیرڤان بارزانی 24 کاژێر دوای ئەو قسانە، لە ئەنتاڵیا هەم لەگەڵ کاڵن کە ئەو قسانەی کردبوو، هەمیش لەگەڵ سەرۆککۆمار ئەردۆغان کۆبووەوە. ئەمەش نیشانی دەدات کە ئەو لەم قۆناخەشدا بەشدارییەکی گرنگ دەکات. من دڵنیام ئەو رۆڵێکی یەکلاکەرەوە دەگێڕێت."

