رووداو دیجیتاڵ
شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق دەڵێ، لە ئۆپەراسیۆنێکی پێشوەختە و لە رێگەی هێرشێکی ئاسمانیی ورد لە سنووری شارۆچکەی پردێ لە باکووری کەرکووک، سێ چەکداری "تیرۆریست" کوژران و چەکدارێکی دیکەش کە ئەرکی گواستنەوەی لە ئەستۆ بوو، دەستگیرکرا.
بەگوێرەی راگەیێندراوی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق کە ئەمشەو هەینی، 13ـی تشرینی دووەمی 2026 بڵاوکرایەوە، کاژێر 08:00ـی ئێوارە، لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگریی سەربازی بۆ بەدواداچوونی پاشماوەکانی "گرووپە تیرۆریستییەکان"، هێزەکانی سەر بە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووک ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتیان ئەنجامدا.
پێش راگەیێندراوەکە، هەردی محەممەد، پەیامنێری رووداو لە کەرکووک ئەو زانیارییانەی گواستەوە و ئاماژەی بە کوژرانی چەکدارەکان کرد.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "لە سنووری بەرپرسیارێتیی لیوای پیادەی 32ـی سەر بە فیرقەی 8 لە نزیک شارۆچکەی پردێ، هێزی ئاسمانیی سوپای عێراق بۆردوومانێکی وردی ئەنجامدا، کە لە ئەنجامدا سێ چەکداری تیرۆریست کوژران."
ئاماژە بەوەش کراوە، لە هەمان ئۆپەراسیۆندا هێزە ئەمنییەکان توانیان ئەو چەکدارەش دەستگیربکەن کە ئەرکی گواستنەوەی چەکدارەکانی لەو سنوورەدا لە ئەستۆ بووە.
شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق باس لەوە دەکات کە "هێزە ئەمنییەکان بەردەوامن لە پرۆسەی پشکنین و کێوماڵکردنی وردی ناوچەکە" و راشیگەیاندووە دواتر زانیاری و وردەکاریی زیاتر لەبارەی ئۆپەراسیۆنەکە دەخرێتەڕوو.



