رووداو دیجیتاڵ
مانگی داهاتوو بیست و یەکەمین فێستیڤاڵی شانۆی کوردی لە سەقز بەڕێوەدەچێت. بەڕێوەبەرانی فێستیڤاڵەکە داوا لە خوازیاران دەکەن بەرهەمەکانیان بۆ فێستیڤاڵەکە بنێرن.
رۆژی یەکشەممە، 15ـی تشرینی دووەمی 2026، فەردین ئەبوو محەممەدی، بەڕێوەبەری نووسینگەی فێستیڤاڵی شانۆی کوردی سەقز بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بڕیارە لە کۆتایی مانگی سەرماوەز (ناوەڕاستی مانگی 12) بیست و یەکەمین خولی فێستیڤاڵی شانۆی کوردی سەقز بەڕێوەبچێت."
فەردین ئەبوو محەممەدی ئاماژەی بەوەش کرد، بۆ بەشداریکردن لە فێستیڤاڵەکەدا کۆمەڵێک مەرجیان داناوە و داوا لە خوازیاران دەکەن بە لەبەرچاوگرتنی ئەو مەرجانە بەرهەمەکانیان بۆ فێستیڤاڵەکە بنێرن.
گرنگترین مەرجەکان لە بواری شانۆدا دەبێت پێشکێشکردنی شانۆ بە یەکێک لە زاراوەکانی زمانی کوردی بێت، بەرهەمە شانۆییەکان پێشتر لە هیچ فێستیڤاڵێک بەشدارییان نەکردبێت و ئەو شانۆنامانەی لە دوو ساڵی رابردوو نووسراون لە پێشنۆرەن و ئەگەری هەڵبژاردنیان زیاترە.
بەڕێوەبەرانی فێستیڤاڵەکە داوا دەکەن ئەو گرووپانەی خوازیارن بەشدار بن، پێویستە تاوەکو 15ـی سەرماوەز (6-12-2026) ڤیدیۆی شانۆکانیان بۆ ماڵپەڕی فێستیڤاڵەکە بنێرن.
بەگوێرەی بەڕێوەبەرانی فێستیڤاڵەکە، فێستیڤاڵی ئەمساڵ سێ بەشی شانۆیی، شانۆنامەنووسی و خەسارناسی خولەکانی پێشووی فێستیڤاڵەکە لەخۆدەگرێت.
فێستیڤاڵی شانۆی کوردیی سەقز دوای فێستیڤاڵی شانۆی سەرشەقامی مەریوان، گەورەترین فێستیڤاڵی شانۆی رۆژهەڵاتی کوردستانە، کە ساڵانە بەڕێوەدەچێت.
بودجەی ئەم فێستیڤاڵە لەسەر ئاستی پارێزگای سنە و دامودەزگا جۆراوجۆرەکانی شاری سەقز دابین دەکرێت. سەرەڕای هەوڵەکان بۆ تۆمارکردنی ئەم فێستیڤاڵە لە ئاستی سەرتاسەریی ئێراندا، هێشتا وەزارەتی کولتوور و ئیرشادی ئێران تۆماری نەکردووە، بۆیە بودجەشی بۆ تەرخان ناکات.




