رووداو دیجیتاڵ
دانیشتووانی گوندی یەنگی کەندی سەر بە شاری دیواندەرەی پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان لە خراپیی رێگەوبانی گوندەکەیان ناڕازین و داوای قیرتاوکردنی دەکەن.
ئەمڕۆ دووشەممە، 16ی تشرینی دووەمی 2026، هاونیشتمانییەکی خەڵکی گوندی یەنگی کەندی دیواندەرە بە رووداوی راگەیاند: "رێگەی گوندەکەمان تەنیا 4 کیلۆمەترە، بەڵام تاوەکو ئێستا قیر نەکراوە".
ئەو هاونیشتمانییە دەڵێ، رێگەی گوندەکەیان تەنانەت هیچ ژێرخانێکی باشی نییە و لە کاتی بارینی باران و بەفردا دەبێتە قوڕ و لیتە. ئەو دۆخەش دەبێتە هۆی سەختیی هاتووچۆ و گیرخواردنی ئۆتۆمبێلەکان، نەچوونی تەکسی بۆ گوند، هەروەها کێشە بۆ هاتووچۆی قوتابیانی گوندەکە دروست دەبێت.
بە گوتەی هاونیشتمانییەکە، سەرەڕای چەندین جار بەدواداچوون و بەڵێنی بەرپرسان، هێشتا رێگەکەیان چاک نەکراوە.
ئەو هاونیشتمانییە دەڵێت، نابێ کەمیی ژمارەی دانیشتووانی گوند ببێتە پاساو بۆ پشتگوێخستنی گوند، چونکە نەبوونی خزمەتگوزاری و رێگەی گونجاو خۆی لە هۆکارەکانی کەمبوونەوەی دانیشتووانە و "بۆیە ئێمە وەک خەڵکی گوندی یەنگی کەند داوا لە قایمقامی دیواندەرە و بەڕێوەبەری ناحیەی قەرەتەورە دەکەین، رێگەکەمان ژێرخانی ئامادە بکرێ و قیرتاو بکرێت."
گوندی یەنگی کەند دەکەوێتە رۆژهەڵاتی شاری دیواندەرە و دەکەوێتە سەر رێگەی نێوان دیواندەرە-بیجار و ئێستا نزیکەی 50 خێزان تێیدا دەژین.


