رووداو دیجیتاڵ لە سێمینارێکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێردا، بە پشتبەستن بە نەخشە و داتا هۆکارەکانی دروستبوونی لافاو تاوتوێ کران؛ بارانبارینی زۆر، زێدەڕۆیی و کۆنیی دیزاینی ئاوەڕۆکان بە هۆکاری سەرەکی دادەنرێن و بۆ چارەسەریش پێشنیازی دروستکردنی 17 پۆندی دیکە لە دەوروبەری شارەکە دەکرێت. بارانبارینی زۆر لە ماوەی تەنیا یەک کاژێردا، بوونی خانووی زێدەڕۆ و فڕێدانی پاشماوەی خانووبەرە لەسەر رێڕەوی ئاو، لە هۆکارە سەرەکییەکانی گۆڕینی رێڕەوی ئاون بەرەو ناوشاری هەولێر. لە سێمینارێکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێردا، بە پشتبەستن بە نەخشە و بە داتا، باس لە سەرجەم هۆکارەکانی دروستبوونی لافاو لە شارەکە کرا. عەلی رەشید، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر لەبارەی هۆکارەکانی دروستبوونی لافاوەوە دەڵێت: «هەڵکەوتەی هەولێر بە شێوەی بازنەی دەستە، ئەگەر هەولێر لە ناوەڕاست بێت و پەنجەکان کاناڵ بن، ئەوە هەولێر کەوتووەتە پشتی ئەو کاناڵانەوە. هەروەها هەولێر فراوان بووە، پڕۆژەی زۆر کراوە و خەڵکیش هەوڵدەدات زەویی خۆی رێکبخاتەوە». بەپێی زانیارییەکانی سێمینارەکە، دیزاینی ئاوەڕۆکانی هەولێر کۆنە و تەنیا توانای بەرگەگرتنی 20 ملیمەتر بارانبارینیان هەیە. دروستکردنی پۆند یەکێکە لە رێکارە و پێشنیازە سەرەکییەکان بۆ رێگریکردن لە کۆبوونەوەی ئاو. زەردەشت عەبدولخالق، بەڕێوەبەری ئاوەڕۆی هەولێر لەم بارەیەوە ئاماژە بەوە دەکات: «ئێمە پێشنیازی دروستکردنی 18 پۆندمان کردووە، یەکێکیان دروست کراوە و 17ی ماوە؛ ئەگەر ئەم پۆندانە دروست بکرێن، 25٪ی ئاوەکە گلدەدەنەوە». بەڕێوەبەری ئاوەڕۆی هەولێر دەشڵێت: «پێشنیازمان کردووە چێکدامیش لەگەڵ پۆندەکان بکرێت کە ئەوەش بەشێکی دیکەی ئاوەکە گلدەداتەوە، بە سەوزاییکردنی سنوورەکەش بە گشتی 35٪ی ئاوەکە گلدەدرێتەوە». لە کۆتایی سێمینارەکەدا جەخت لەوە کرایەوە کە هەماهەنگیی نێوان وەزارەتەکان، داڕشتنی ماستەرپلانی نوێی شارەوانی، تەرخانکردنی بودجەی پێویست و هەبوونی پلانێکی خێرا بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانە، لە گرنگترین رێکارەکانن بۆ رێگریکردن لە دروستبوونی لافاو لە هەولێر.