رووداو دیجیتاڵ
ژنە پەنابەرێکی سیاسیی کوردی خەڵکی کرماشان، لە تورکیا دەستبەسەرکراوە و مەترسیی ئەوەی هەیە لە رێگەی وشکانییەوە رادەستی ئێران بکرێتەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 17ی تشرینی دووەمی 2026، ئەژین حوسێنی، چالاکڤانی مافی مرۆڤ لە ئەڵمانیا، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "تاهیرە رەحیمی زادە ( ناسراو بە تارا)، ژنە پەنابەری سیاسیی خەڵکی کرماشان، کە بۆ ماوەی 10 ساڵ لە هەرێمی کوردستان چالاکی سیاسیی هەبووە، 24 رۆژە لە تورکیا دەستبەسەرکراوە و بەهۆی ئەوەی لە کەمپێکی نزیک سنووری ئێران راگیراوە، مەترسیی دیپۆرتکردنەوەی زۆرە."
بە گوتەی ئەو چالاکڤانەی مافی مرۆڤ، تاهیرە پاش ئەوەی هەرێمی کوردستانی بەجێهێشتووە بە مەبەستی گەیشتن بە ئەوروپا، لە سنووری نێوان تورکیا و یۆنان دەستبەسەرکراوە؛ سەرەتا بۆ کەمپی ئەدیرنە و پاشان بۆ کەمپی پەهلەوان کۆی گواستراوەتەوە، و ئێستاش بۆ کەمپی ئاگری (کە نزیکترین کەمپە لە سنووری ئێران) گوازراوەتەوە، ئەمەش ترس لە گەڕاندنەوەی زەمینی بۆ ئێران زیاتر کردووە.
ئەژین حوسێنی هۆشداری دا لەوەی کە لەو کەمپەدا رێگری لە تاهیرە کراوە پارێزەر بگرێت و سەرجەم هەوڵەکانیش بۆ پەیوەندیکردن بە لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە بێوەڵام مانەوە. هەروەها دۆخی کەمپەکانی تورکیا، بەتایبەت کەمپی پەهلەوان کۆی، بە "زۆر خراپ" وەسف کرد کە گوشارێکی زۆر لە پەنابەران دەکەن بۆ ئەوەی بە ناچار واژۆ لەسەر گەڕانەوەی خۆبەخشانە بکەن.
ئەو چالاکڤانەی مافی مرۆڤ داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان، ناوەند و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ و پاراستنی پەنابەران کرد، هەرچی زووە هەڵوێست بنوێنن و رێگری لە دیپۆرتکردنەوەی تاهیرە رەحیمی زادە بۆ ئێران بکەن.




