رووداو دیجیتاڵ
لە شاری ئاودانانی پارێزگای ئیلام حەوت خۆپێشاندەر لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کران.
ئەمڕۆ چوارشەممە 18ی تشرینی دووەمی 2026، رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی کوردستان رایانگەیاند، "ئێواری دوێنی سێشەممە ژمارەیەک لە هاونیشتمانی لە شاری ئاودانانی پارێزگای ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان بە مەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە کەمتەرخەمیی بەرپرسان بە دۆخی خراپی رێگاوبانەکان و گیانلەدەستدانی کارمەندانی پیشەسازیی نەوت و گازی دێلوڕان گردبوونەوە."
بە گوتەی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، خۆپیشاندانەکە تووندوتیژی لێکەوتەوە هێزە ئەمنییەکان بە بەکارهێنانی گازی فرمێسکرێژ ویستوویانە بڵاوە بە خۆپیشاندەران بکەن.
بەگوێرەی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، تاوەکو ئێستا حەوت خۆپێشاندەر بە ناوەکانی ئارمین سولەیمانی، ئەسغەر ئەکبەری، بێهنام مورادی، سینا دەروێشی منداڵی ، سەعید عەبدوڵڵاهی، ئیرەج حەیدەری و موحسین باویر لەلایەن هێزە ئەمنی و سەربازییەکانەوە دەستبەسەر کراون.
ئەم ناڕەزایەتییانەی ئاودانان دوای ئەوە هات ئێوارەی رۆژی شەممە، 14ی تشرینی دووەم، پاسی هاتووچۆی کارمەندانی کۆمپانیای پێترۆپاڵاوگەی دێلوڕان، کە زۆربەی سەرنشینەکانی کرێکاران و ئەندازیارانی خەڵکی ئاودانان و گوندەکانی دەوروبەری بوون، وەرگەڕا. لە ئەنجامی ئەم رووداوەدا 13 ئەندازیار گیانیان لە دەستدا و 15 کەسی دیکەش بریندار بوون کە لە نەخۆشخانەکانی ئیلام و دێزفوول لەژێر چاودێریی پزیشکیدان.


